مەیخانەی زبڵدان دروست دەكرێت
نزیکەی 91 ملیۆن دۆلاری تێچووە
K24 - ھەولێر
ھەرچەندە ئەو كەسانەی مەی دەخۆنەوە بە دوای شوێنی خۆش و خزمەتگوزاری دا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی لە كەشێكی جیاواز مەی بخۆنەوە، بەڵام مەیخانەی زبڵدان دروستكراوە و لەوێ خەڵك بەدیار پاشماوە و خاشاك مەی دەخۆنەوە.
لە ژاپۆن مەیخانەیەك ناو نراوە زبڵدان. لەو مەیخانەیەدا کڕیاران لەناو باڵاخانەیەکی پاک و سەردەمیانەدا بە دیار زبڵ و خاشاکەوە مەی و هەروەها جۆرەها خواردنەوەی سرووشتی دەخۆنەوە. تەنیا جامێکی روون و ئەستوور جیهانی زبڵ و خاشاک لە باڕەکە جیا دەکاتەوە.
ئەو مەیخانەیە دەستپێشخەریی کاربەدەستانی ئەنجوومەنی شاری تۆکیۆیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵك سەبارەت بە ریساکلکردنەوە و هەروەها کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی زبڵ و خاشاك.
ئایانا سێکی، کارمەندی بەشی ژینگە لە ئەنجوومەنی شارەكە دەڵێ: "زۆر لە سەردانیکەرانی ئێرە سەریان سووڕ دەمێنێت. دەڵێن نازانن چۆن ئەو زبڵەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن ریسایکل دەکرێتەوە. سەریان لەوەش سووڕ دەمێنێت کە ئەم هەموو خاشاکە لە شارەکە کەڵەکە دەبێت، چونکە تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە هەر ماڵەوە کیسەیەك یان دووان خاشاک بەرهەم دەهێنن".
تەنیا جامێکی ئەستوور ئەو دوو جیهانە پاکە و پیسە لێك جیا دەکاتەوە، بەڵام بەربەستەکە بە شێوەیەکە کە هیچ بێزارییەک بۆ میوانەکانی بارەکە دروست نابێت.
هەرچەندە مەیخانەی زبڵدان سەرنجی زۆر گەشتیاری راكێشاوە، بەڵام درووستکردنی نزیکەی 91 ملیۆن دۆلاری تێچووە و وا درووست کراوە کە بۆ 20 ساڵ خۆی بگرێت.
