باشترین دیزاینه‌ری جلوبه‌رگی كوردی له‌ كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت

كوردستان 24 سپۆنسه‌ری میدایی ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان 24، پێشبڕكێیه‌ك بۆ باشترین دیزاینه‌ری جلوبه‌رگی كوردی له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌و پێشبڕكێیه‌دا 23 دیزاینه‌ر ركابه‌ری ده‌كه‌ن و دواجار یه‌كێكیان هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌ زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

چالاكییه‌كه‌ له‌لایه‌ن گروپی "كوردستان كه‌له‌ر دیزاین"ـه‌وه‌ رێكخراوه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ی كاتژمێر 5ی ئێواره‌ له‌ هۆڵی "های كریس" له‌ شاری سلێمانی بۆ ده‌ستنیشانكردنی باشترین دیزاینه‌ر ئه‌نجام بدرێت.

فه‌رمان محه‌مه‌د، رێكخه‌رێكی ئه‌و چالاكییه‌ بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی بانگهێشتنامه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رجه‌م دیزاینه‌رانی جلوبه‌رگی كوردییان له‌ كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 300 دیزاینه‌ر سیڤی خۆیان پێشكه‌ش كرد.

گوتیشی: لێژنه‌ی تایبه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ سیڤی و كاره‌كانی ئه‌و دیزاینه‌رانه‌ كردووه‌ و له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 23 دیزاینه‌ر بۆ ركابه‌راتییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌ڵبژێردراون.

ئامانج له‌و چالاكییه‌ بۆ پاراستنی ره‌سه‌نایه‌تی و كلتووری جلوبه‌رگی كوردییه‌، چ له‌ رووی ره‌نگ یانیش دیزاین و ستایله‌وه‌.

H.B