كابینهی نۆیهم كار لهسهر پرۆژه یاسای بودجه دهكات
لهبهرچی چوار ساڵه بودجه نهچووهته پهرلهمان؟
K24 - ههولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئەگەر داهاتی حکوومەت جێگیربێت، لە كابینەی نوێ پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
پەرلەمانتارێکی یەکێتیش نایشارێتەوە هیچ بیانوویەك بۆ نەناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان نەماوە و دەشڵێت: "کابینەی هەشت فریای ئەو پرۆژە یاسایە ناکەوێت".
چوار ساڵی رابردوو پرۆژە یاسای بودجە نەهاتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی بەغدا بودجەی پەسەندکرد، پرسیاری زێڕین ئەوەیە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای بودجە دەنێرێتە پەرلەمان یاخود نا؟ به گوێرهی وهڵامی گوتەبێژی حکوومەت بێت، مێژووی ئەم کابینەیەی حکوومەت هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی تیادانابێت.
نیوەی دووەمی پرسەکە لای پەرلەمانی کوردستانە، بەو پێیەی ئەو دامەزراوەیەیە کە لە کۆتاییدا ئەرکی گفتوگۆکردن و پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی پرۆژە یاساکەی لەسەرشانە.
رێواز فایهق، پهرلهمانتاری یهكێتی پێیوایە، بیانوو نەماوە بۆ نەناردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان و هاوڕاشە لەسەر ئەوەی گفتوگۆکە لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا ئەنجامنادرێت.
هێنانەوەی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان تەنها گرنگییەکەی ئەوە نییە کە شەفافیەتی داهات و خەرجییەکان دەگەڕێنیتەوە، بەڵکو لەوەشدایە کە دەبێتە هاندەرێك بۆ زیادبوونی وەبەرهێنانە بیانییەکان و دەروازەیەکیش دەکاتەوە بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری.
ئ. م