یۆنان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان پتەوتر دەكات

کونسوڵگەری یۆنان لە ھەولێر كرایەوە

K24 - ھەولێر

یۆنان کونسوڵگەری گشتی خۆی لە هەولێر کردەوە و وەك کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە دەڵێ، ئامانجیانە لەم نزیکانە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ببەنە ئاستێکی بەرزتر، هاوکات بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتان کرانەوەیان بەڕووی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەمنزیکانەش سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتان بۆ هەولێر دەستپێدەکاتەوە.

ئیفوثیموس کۆستۆپۆڵۆس، کونسوڵی گشتی یۆنان لە هەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "من زۆر شەرەفمەندم بەوەی یەکەم کونسوڵی گشتی یۆنانم لە هەولێر، ئێمە کونسوڵخانەی خۆمان لە هەولێر کردەوە، چونکە پێمان وابوو کە پەیوەندییەکانی یۆنان و هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە بەرەو پێشەوە ببرێت، پەیوەندی و هاوبەندییەکی مێژوویی گرینگ هەیە لە نێوان ئێمەی یۆنانی و کورد، هەزاران ساڵە ئێمە بەیەکدی ئاشناین، پلانی ئێمە ئەوەیە، کە کونسوڵگەرییەکەمان لە  ماوەیەکی کورتی داهاتوودا هەموو خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات".

گوتیشی: "ئێمە زۆر رژدین لەسەر ئەوەی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، ئێمە هیوادارین بە زووترین کات حکوومەتی نوێ پێکبێت تا لەلایەن بەرپرسانی هەردوو لاوە سەردان ئەنجامبدرێت".

پرسی پەیوەندییەکانی کوردستان بابەتێکی هەستیار بووە، کە لە ماوەی رابردوودا هەندێک جار پاشەکشە و هەندێک جاریش بە رادەی سەردانی سەرۆک و وەزیری دەرەوەی وڵاتان بۆ هەولێر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەرێمی کوردستان ئەمە بە بەهێزی متمانەی وڵاتان بۆ هەولێر لێکدەداتەوە.

لەوبارەوە فەلاح مستەفا، بەرپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "دەرگای ھەرێمی كوردستان كراوەیە و وڵاتانیش خواست و ئارەزوویان ھەیە بۆ سەردانیكردنی، زۆربەی ئەو شاندە بیانییانەی دێنە عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانیش دەكەن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ھەرێمی كوردستان توانیویەتی خۆی بسەلمێنێ".