پایته‌ختی ئابووری عێراق له‌ هه‌ژاریدا ده‌ناڵێنێ

"بەراود بە ساڵی رابردوو 10% بێکاری لەو پارێزگایە زیادیکردووە"

K24 - بەسرە

لە بەسره‌ رێژەی ھەژاری و بێکاری ئاستێکی نوێ تۆمار دەکات، کە بەراود بە ساڵی رابردوو 10% بێکاری لەو پارێزگایە زیادیکردووە، ئەوە جگە لەوەی کە شارەکە گرفتی خزمەتگوزاری ھەیە و خەڵکەکەشی ھەموو رۆژانی ھەینیەك دێنە پێش بینای پارێزگای ئەو شارەو داوای خزمەتگوزاری دەکەن، بەسراییەکان باشترین چارەسەر بەلایانەوە ئەوەیە کە پارێزگاکەیان بکرێت بە ھەرێمێکی سەربەخۆ.

بەپێی داتاكانی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، رێژەی بێکاری لەشارە دەوڵەمەندەکەی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 28% و ھەژاریش  بۆ 35%. وەك لەو ئامارە ئاماژەی پێدراوە لە کۆی 5 گەنجی شارەکە 3 یان بێکارن.

مەھدی تەمیمی، بەرپرسی نووسینگەی بەسرەی مافی مرۆڤی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەندێكجار رێژەكان ئاستێكی مەترسیدار تۆمار دەكەن وەك ئێستا، ھەندێكجاریش رێژەكان دادەبەزن، ئەو واقیعەی لێرە ھەیە پێویستی بە چارەسەری بە پەلەیە".

رەزا زەیدی، گەنجێكی دەرچووی زانكۆیە لە شاری بەسرە، ئەو دەڵێ: "ئێمە گەنجین نازانین لەم شارە چی بكەین و بۆ كوێ بڕۆین".

ئەگەر ھیچ ھۆکارنەبێت بۆ خۆپێشاندانەکانی خەڵکی بەسرە ئەوە ھەژاری و بێکاری ھۆکارن، لە گۆڕەپانی عەبدولکەریم قاسم لەو شارە، وێنەی شەھیدەکان وەك یادگارییەك ماون، باڵەخانە سوتاوەکانش لەناو شارەكە دیارن.

بەرھەمی نەوتی رۆژانەی نەوتی بەسرە سێ ملیۆنی تێپەڕاندووە واتا ئێستا داھاتی ھەموو عێراق لەو شارەیە، بەڵام شارەکە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری تێیدا نییە.