زیان و هۆکاری گڕگرتنی تانکەرە قیرەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکرێت

تانکەرێکی شارەوانی سلێمانی گڕی گرت

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی تەقینی کۆمپرێسەری تانکەرێکی قیر لە شاری سلێمانی، حەوت کارمەندی شارەوانی و کارمەندێکی هاتووچۆ بریندار بوون.

عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی هۆکاری رووداوەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێت: "لەكاتی كاركردنی ئۆتۆمبێلێكی قیر كە هی شارەوانی سلێمانی بوو، كۆمپرێسەرەكەی تەقیوە".

دەشڵێت:"بەو هۆیەوە حەوت كارمەندی شارەوانی و كارمەندێكی هاتوچۆ برینداربوون".

لەبارەی دۆخی تەندروستی بریندارەکان، عەمید ئیبراهیم رایگەیاندووە: "شەشیان چونەتەوە ماڵەكانیان و دوانەكەی دیكەش ئەمڕۆ نەخۆشخانە جێدەهێڵن".

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەو رووداوەوە چەند زیانێكیش بەئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان كەوتووە، بەڵام زیانەكان زۆرنین.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بازنەی مەلیک مەحموود و نزیک گەراجی بەغدا، تانکەرێکی قیر گڕی گرت و زیانی ماددی بە دواوە بوو.

H.J