"زۆر لایەن رێگرن لەبەردەم پێكھێنانی حكوومەت"

"دەبێ ھەمووان بە گیانی لێپرسراویەتی بچنە ناو گفتوگۆكان"

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت "زۆر لایەن ھەن رێگرن لەبەردەم پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێ وەك یەكێتی نەبینە ھۆكار بۆ دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی حكوومەت".

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "پێویستە ھەرچی زووە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكبھێنرێت، چونكە كاتێك زۆرمان بە فیڕۆ داوە، دەبێ ھەموو لایەنەكان بە گیانی لێپرسراویەتی بچنە ناو گفوگۆكان و بە دەرئەنجامەوە لە گفتوگۆكان بێنە دەرەوە، چونكە لە دانوستان ئەنجام گرنگە، ناكرێ لەمە زیاتر كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی بھێڵدرێتەوە".

گوتیشی: "لایەن زۆرن لە رێگری كردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و دەیانەوێت ئەو كابینەیە درەنگتر پێكبھێندرێت، بۆیە پێم باشە وەك یەكێتی ھەوڵبدەین ھەرچی زووە ئەو كابینەیە پێكبھێندرێت، بۆ ئەوەی ئێمە نەبینە ھۆكار بۆ دواكەوتنی ئەم كابینەیە".

سەبارەت بەوەی یەكێتی ھەموو پرسەكانی پێكەوە كردووە بە یەك پاكێج، بڵێسە جەبار فەرمان جەختی كردەوە: "وەك یەكێتی پێمان باشە ھەموو بابەتەكان یەك پاكێج بن، ئێمە حزبی براوەی كەركووكین، بۆیە دەبێ پارێزگار لە پشكی یەكێتی بێت و ھەر لایەنە و بە ئیستحقاقی خۆی بەشداری بكات".

ئاماژەی بەوەشدا: "یەکێتی و پارتی دوو حزبی سەرەکی کوردستانن، دەبێ بگەنە ئەنجامێک بۆ ئەوەی حکوومەت پێکبهێندرێت".

ھ.م