به‌غدا داوا له‌ وڵاتان ده‌كات منداڵه‌ به‌جێماوه‌كانى داعش ببه‌نه‌وه‌

كێشەی زۆريان بۆ حكومەتی بەغدا دروستكردووە

K24 – هه‌ولێر:

دوای رزگاركردنەوەی ناوچەكانی بندەستی داعش لە عێراق، ژن و منداڵی چەكدارانی رێكخراوەكە كێشەی زۆريان بۆ حكومەتی بەغدا دروستكردووە، له‌و باره‌يه‌وه‌ به‌غدا داوا لە وڵاتان دەكات، رەگەزنامە بە منداڵەكان بدەن و وەریانبگرنەوە.

له‌و باره‌يه‌وه‌، عەبدولكەریم ھاشم مستەفا، كاربەڕێكەری سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رايگه‌ياند، "كێشەی ئەو منداڵانەمان ھەیە، كە لە كاتی داعشدا لە سەر خاكی عێراق لەدایكبوون، پێویستە لەسەر وڵاتان ئەو منداڵانە لەخۆبگرن و رەگەزنامەیان پێبدەن، بۆ ئەوەی بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەكانیان".

بەشێكی زۆری منداڵە داعشەكان رووسین یان دايك و باوكيان خه‌ڵكى كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤيه‌تی پێشوون.

وەك ئەو بەرپرسەی عێراق گوتى: ژمارەیەكیان رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە و كار بۆ رەوانەكردنەوەی ئەوانی ماون دەكرێت.

روونيشيكرده‌وه‌، "بەشێكی زۆریان رەوانەی رووسیا كرانەوە، ھەندێكیشان ماون و ئێستا كار بۆ گەڕانەوەیان دەكرێت".

بە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە، كە ئامادەی وەرگرتنەوەی منداڵەكانیان نین، رووسیا زیاتر لە 60 منداڵی چەكدارەكانی وەرگرتووەتەوە، ئامادەییشی بۆ وەرگرتنەوەی ئەوانەی ماون دەربڕیووە.