سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە

سەرچاوەیەک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە سبەی شەممە 23/02/2019، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆببێتەوە.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "سبەی کاتژمێر 11 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە".

گوتیشی: "تەوەری کۆبوونەوەکە دانانی بەرنامە و پلانی نوێیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی و بارودۆخی سیاسیی هەرێم و دوایین گۆڕانکارییەکان".

لە دوای کۆبوونەوەی 18 مانگی پەرلەمانی کوردستان، کە فراکسیۆنی یەکێتی تێیدا ئامادە نەبوو، جۆرێک لە ساردیی کەوتۆتە نێوان پارتی و یەکێتی، ئه‌مه‌ش پرسی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دواخستووه‌.

پێشتریش یەکێتی لە رێگای گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاندبوو، گفتوگۆ و داواکاریی جیاوازیان لە دانیشتنیان لەگەڵ پارتیدا دەبێت.

H.J