ھاوردەكردنی نۆك بازاڕی ناوخۆیی لاواز دەكات
"بە رێژەیەكی زۆر لە وڵاتانی دیكە نۆك دەھێندرێتە ھەرێمی كوردستان"
K24 - ئاكرێ
لەم چەند ساڵەی دواییدا لەبەر ھاوردەکردن و ھاتنە ناوەوەی بەرھەمە خوماڵییەکان و بە تایبەت نۆک، نۆکی خۆماڵی تووشی بێ بازاڕیێکی گەروە بووە و جووتیار و بازرگانانیش ئەم بێ بازاڕیە بە مەترسی لەسەر نەمان و لەناوچوونی نۆکی خوماڵی دەدەن و داوای راگرتنی ھاوردەکردنی نۆکی خۆماڵی دەکەن.
محەمەد مستەفا، یەكێكە لە جووتیارەكانی سنووری ئاكرێ، ئەو باس لەوە دەكات بەھۆی ھاوردەكردنی نۆك لە وڵاتانی دیكەوە، بەرھەمی نۆكی ئەوان نافرۆشرێت.
ئەو جووتیارە دەشڵێت: "وەك جووتیارێك ساڵانە نۆك بەرھەم دەھێم، بەڵام ئێستا كە دەمانەوێت نۆكەكان بفرۆشین، كیلۆی نۆك 250 دینار دەكات. بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین ماوەیەك ھاوردەكردنی نۆك لە وڵاتانی دراوسێ رابگرێت، ئەگەر ئەوە نەكرێت بەرھەمی ئەمساڵمان بە فیڕۆ دەچێت".
ھاوكات بازرگانێك بەناوی ردوان رەمەزان بە كوردستان24 گوت: "پێشتر رۆژانە نزیكەی دوو تەن نۆكمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ناتوانین كیلۆیەك نۆكی خۆماڵی بفرۆشین، چونكە نۆكی بیانی بە رێژەیەكی زۆر ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەگەر ھاوردەكردنی نۆك بەمشێوەیە بەردەوام بێت نۆكی خۆماڵی لەناودەچێت".
ھ.م