هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەدرێت

"زیانی سەربازی و ئابووری دەبێت"

K24 - ھەولێر

پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوور، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە زیانکردنی عێراق لە رووی ئابووری و سستبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی رۆژئاوا، پێناسە دەکات. ئاماژە بەوەش دەدات، لە ئەگەری پێداگیریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەوا سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش بڕیاری کشانەوە لەو وڵاتە دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ به‌تەنیا مانەوەی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر و ئەو پێشهاتە سیاسی  و سەربازییانەی رووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبنەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، عێراق رووبەڕووی زیانی گەورەی ئابووری دەبێتەوە.

پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوور، لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستۆتەڕوو "داواکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن کوتلە سیاسییەکان، مافێکی رەوای عێراقییەکانە، بەڵام رەنگە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی بایەخی وڵاتان بۆ ئەو وڵاتە".

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە زیاتر لە 60 وڵات پێکدێت، کە ئەمەریکا رێبەرایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات، كه‌ لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، لە رێگەی ئه‌م هاوپەیمانییه‌وه‌ هاوکاریی زۆری عێراقیان لە بواری سەربازی و ئابووری کردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە دەبێتە هۆکارێک بۆ کەم بوونەوەی ئەو هاوکارییانە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتووی سیاسی و ئابووریی عێراق دەبێت.

پەیمانگاکە روونیکردۆتەوە، سەرەڕای توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، کەرکووك و دیالە، ئەوا ناتواندرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە کۆنترۆڵی چالاکییەکانی داعش بکرێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی پەیمانگاکە، لە ئەگەری پێداگیریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەوا سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بڕیاری کشانەوە لەو وڵاتە دەدەن، کە ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆکارێک بۆ به‌تەنیا مانەوەی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر و ئەو پێشهاتە سیاسی و سەربازییانەی رووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.

ئا: كارزان قادر                                                             

ھ.م