زه‌نگی سه‌رهه‌ڵدانی سێیه‌م نه‌وه‌ی تیرۆر لێ ده‌درێت

"نه‌وه‌ی سێیه‌می تیرۆر زۆر له‌ قاعیده‌ و داعش مه‌ترسیدارتره‌"

K24- هه‌ولێر:

ئه‌یاد عه‌للاوی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی وەتەنییە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەندێک کەس و لایەن دەیانەوێت ئایین بکەنە واقعێک و به‌زۆر بەسەر هاووڵاتییاندا بیسەپێنن.

عه‌للاوی گوتیشی، له‌ 80%ی هاووڵاتییانی عێراق بەشداریان لە هەڵبژاردندا نەکردووە و، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، به‌شداریكردنی هاووڵاتیان به‌و رێژه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئەوە دەگەیه‌نێت، كه‌ پەرلەمان ته‌نیا نوێنەرایەتی له‌ 5%ی هاووڵاتییان دەکات.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، عێراق لە حاڵەتێکی مەترسیدارە و پێشبینی دەکەین گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە رووبدات.

ئاشكراشیكرد، چەندین تێبینی لەسەر سەرهەڵدانەوەی تیرۆر هەیە، کە ئەویش نەوەی سێیەمی تیرۆرە، نەوەی یەکەم قاعیدە بو و نەوەی دووەمیش داعش، بۆیە پێمانوایە نەوەی سێەمی تیرۆر زۆر لەوانەی پێش خۆیان مەترسیدارتر دەبن، چونکە ژینگەی سیاسی یارمەتیدەرە، کە گرووپە تووندڕەوەکان سەرهەڵبدەنەوە.

H.B