گۆڕانكاری لە سیستمی ھاتووچۆ دەكرێت

سیستمەكە بە كێبڵ بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ دەبەسترێتەوە

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر لە رێگای کۆمپانیایەکی ئیتالی، نوێترین سیستمی کامێرای ھاتووچۆ، لە ترافیکلایت و چوارڕیانەکانی ھەولێر دادەنێت، سیستمەکە ناوی پەناڵتیە و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا کاری پێدەکرێت، یەکەمجاریشە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەو جۆرە سیستمە دادەندرێت.

ئەندازیارە ئیتالییەکان، سەرقاڵی دانانی ئەو سیستمە نوێیەی کامێران، لە یەکێک لە ترافیکلایتەکانی ھەولێر، قۆناغی یەکەم ئەو سیستمە لە 15 ترافیکلایت و چوارڕیان دادەندرێت، دوای تەواو بوونی پڕۆژەکە بۆ ماوەی مانگێک وەکو تاقیکردنەوەی سەرەتایی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا شۆفێران لە بوونی سیستمێکی لەو شێوەیە، ئاگادار بکرێنەوە، دواتر سیستمەکە تەواوی ناوشاری ھەولێر دەگرێتەوە.

ئێستا زۆربەی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە چوارڕیان و ترافیکلایتەکان، روودەدەن، کە بەشێکیان رووداوی دڵتەزێنن، بە تایبەت کاتی نیوەشەو و کاتژمێرەکانی دواتر، بە گوتەی ئەفسەرانی پۆلیسی ھاتوچۆش ئەو سیستمە 24 کاتژمێر کاردەکات، بۆیە شۆفێران ھیچ دەرفەتێکی سەرپێچی بێ سزایان بۆ ناڕەخسێت.

ئەو سیستمە راستەوخۆ بە رێگای کێبڵێکی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر بەستراوەتەوە، ھەر شۆفێرێک لە ترافیکلایت و چوارڕیانەکان رێگای پێچ کردنەوەی رێگە پێدراو لە شۆفێری دیکە بگرێت، یان لەسەر ھێڵی شەقام بوەستێت یانیش لە گڵۆپی سوور بدات و رێگەی پەڕینەوەی ھاووڵاتیان بگرێت، راستەوخۆ سزا دەدرێت و لە رێگای کورتە نامەیەکەوە لە بری سزاکە و شوێنی و جۆری سەرپێچیەکەی ئاگادار دەکرێتەوە.

وردەكاری زیاتری ئەو بڕیار و سیستمە نوێیە، لە ئەڵقەی داھاتووی بەرنامەی ترافیك لە كوردستان24 بڵاو دەكرێتەوە.

ھ.م