زیاتر لە 800 شوێنەواری کەرکووك هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە
حكوومەتی عێراق ھیچ بڕە پارەیەكی بۆ شوێنەوارەكانی كەركووك تەرخان نەكردووە
K24 - كەركووك
بەپێی ئامارێکی شوێنەوارناسی کەرکووک کە فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراقە، زیاتر لە 800 شوێنەواری مێژووی کەرکووک لە ژێر هەڕەشەی داڕووخاندان، لەنوێترین داڕمانی شوێنەوارە مێژوویەکانی شارەکە رووخانی تاقە کۆنەکانی قشڵەی کەرکووکە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەکەوەو بەدیزانێکی جوان و سەرنجڕاکێش لە سەردەمی عوسمانیەکان دروستكراوە، ئەو بیناییە کە وەک هێمایەکی شارەکە بوو، ئێستا لەژێر هەڕەشەی یەکجاری داڕمانە.
زیانەکانی قشڵەی کەرکووک لە دوورەوە دەردەکەون، پاشماوەی داڕمانی حەوت تاقی قشڵەیە کە هێشتا لەسەر زەوی کەوتوون. درزەکان لەگەورەبووندان و گەیشتوونەتە تاقەکانی دیکە.
قشڵەی كەركووك ئەو شوێنەیە کە بەر لە 150 ساڵ، عوسمانییەکان بە دەست و مەچەکی کوردەکان دروستیانکردووە.
بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری عێراق بارەگایان لێرە هەیە، بەڵام هیچیان پێی ناکرێت، چونکە چاکردنەوەی شوێنەکە پێویستی تێچویەکی زۆر هەیە. حکوومەتی عێراقیش تاکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی تەرخان نەکردووە بۆ چاکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی کەرکووک، هەندێک لە شوێنەوارەکانیش بە تەواوی سڕاونەتەوەو نەماون، بەڵام ئامارێکی دروست لەوبارەیە لەبەردەست نییە.
ھ.م