داعش په‌نا بۆ بیابانه‌كانی عێراق ده‌باته‌وه
مه‌ترسی دابڕینی ناوچه‌یه‌كی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2/3/2019، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایشی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار هۆشداریی داوه كه چه‌كدارانی داعش ده‌یانه‌وێت "ناوچه‌یه‌كی ئارام له بیابانه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار " بۆ خۆیان داببڕن و دوا ده‌كات هه‌وڵه هه‌واڵگرییه‌كان دژی داعش چڕتر بكرێنه‌وه.
ئیبراهیم فه‌هداوی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایشی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیان له‌و ناوچانه‌دا ئه‌نجامداوه، به‌ڵام بیابانه‌كانی پارێزگاكه فراوانن و پێویست به كۆششی زیاتره، چونكه مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه ناوچه‌یه‌كی ئارام" بۆ خۆیان له‌و بیابانانه‌دا داببڕن".
فه‌هداوی ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رێگایان به سوپای عێراق و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌دابێت ئه‌ركه سه‌ربازییه‌كانیان له بیابانه‌كان به‌جێبگه‌یه‌نن. هه‌ر چه‌نده چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ئه‌و تۆمه‌ته‌یان دابووه پاڵ ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
هه‌روه‌ها داوا ده‌كات هه‌وڵ و كۆششه هه‌واڵگرییه‌كان له ناوچه بیابانه‌كاندا زیاد بكرێت و ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانیش فراوانتر بكرێن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌رپرسان و چاودێرانی عێراقی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه بوونی داعش وه‌ك لایه‌نێكی كاریگه‌ر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی عێراقدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 و ساڵانی دوایی هه‌یانبوو، كۆتایی هاتووه و ناگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و دۆخه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستیی چه‌كدار، توانای ئه‌وه‌یان ده‌مێنێ هێرشی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن و سیناریۆی هاوشێوه‌ی رێكخراوی ئه‌لقاعیده په‌یڕه‌و بكه‌ن، كه له ساڵانی 2006 تا 2012 په‌یڕه‌ویان ده‌كرد.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا، به‌رپرسانی عێراقی سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه ھێشتا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا به‌دی نه‌هاتووه و ئه‌ركی زۆر ماوه له دژی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه ئه‌نجام بدرێت. یه‌كێك له‌وانیش عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو. له‌وه‌دا ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی كورد و عێراقییش هه‌مان بۆچوونیان هه‌بووه و پێیانوایه سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا ته‌واو نه‌بووه.
له‌وباره‌یه‌وه به‌رپرسێكی سه‌ربازیی له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "هێشتا شه‌ڕ له دژی داعش كۆتایی نه‌هاتووه، سه‌ركرده و فه‌رمانده‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئه‌وه باش ده‌زانن، ته‌نانه‌ت كه كۆتاییه‌كانی ساڵی 2017 سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یێنرا، چونكه هێشتا شانه‌كانی رێكخراوه‌كه له عێراق ماون و خه‌ونی ئه‌وه ده‌بینن "خه‌لافه‌ت"ـه شكستخواردووه‌كه‌یان زیندوو بكه‌نه‌وه، له هه‌مان كاتدا خراپی ئیداره‌دانی چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی رزگار كرا‌و له ده‌ست چه‌كدارانی داعش، هاوكار نه‌بوونی چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنووره‌كانیان، كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه بۆ وڵاته‌كه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سه‌ركردایه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش، كه ئه‌مه‌ریكا رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، له چه‌ند مانگی رابردوودا،عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیان ئاگادار كردۆته‌وه، كه زانیاری‌یان ده‌ست كه‌وتووه چه‌كدارانی داعش ده‌یانه‌وێت ھێرشی تیرۆریستی بكه‌نه سه‌ر 11 شار و ناوچه‌ی عێراق. ئه‌و شوێنانه‌شی داعش پلانی بۆ داناون، بریتین له (دۆڵی حۆران، رۆژهه‌ڵاتی خورماتوو، حه‌ویجه، دیاله، رومادی، نوخێب و سه‌رسار)ـه، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران هیچ رێكارێكی پێویستی بۆ رێگه‌گرتن له‌و ئه‌گه‌ره له به‌رچاو نه‌گرتووه".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت: "داعش په‌نا ناباته‌وه به‌ر شێوازی پێشوو بۆ شه‌ڕكردن، واته به گرووپی رێكخراو ھێرش ناكات، به‌ڵكو چالاكییه‌كانی هاوشێوه‌ی رێكخراوی ئه‌لقاعیده ده‌گۆڕێ، په‌نا بۆ بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ده‌به‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی ئه‌لقاعیده له رابردوودا ده‌یانكرد. هه‌روه‌ها رێگه له خه‌ڵكی سڤیل ده‌گرن و ده‌یانڕفێنن و خه‌ڵكی ناوچه‌كان ده‌تۆقێنن، بۆ ئێستا و چه‌ند ساڵێكی كه‌می داهاتووش به‌و شێوه‌یه هێرشه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه پێویسته هاووڵاتییان هه‌ر زانیارییه‌كان له‌سه‌ر جووڵه‌ی گوماناوی شانه نوستووه‌كان، یان لایه‌نگرانی داعش هه‌بوو، به خێرایی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له چالاكییه‌كانیان بگیرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، عه‌لی حوسه‌ینی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "بوونی داعش زۆر گه‌وره ده‌كرێ، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار له‌باره‌ی داعش ده‌یڵێن، پشتیان به سه‌رچاوه‌ی خۆیان به‌ستووه، به‌ڵام ئێمه له مه‌یدانه‌كه داین و سه‌رچاوه‌ی باشترمان هه‌یه و زانیاریی زیاترمان به‌رده‌سته و پێمانوایه گه‌وره كراوه".
هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه: "هێزه سه‌ربازییه‌كان به پشتبه‌ستن به كۆششه هه‌واڵگرییه‌كان، ده‌زانن داعش له ناو شاره‌كاندا نه‌ماون، جگه له چه‌ند ئه‌ندامێكیان نه‌بێ له بیابان و ده‌وروبه‌ری شاره‌كاندا، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه نییه تیرۆر به قه‌باره‌یه‌كه، مه‌ترسیی گه‌وره‌ی دروست كردبێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسان له میدیاكانه‌وه ده‌یڵێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامن له گه‌ڕان به دوای پاشماوه‌كانی داعش و راونان و كوشتن‌یان له ده‌وروبه‌ری شاره‌كان و ناو باخ و كێڵگه و بیابانه دووره ده‌سته‌كاندا. له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی رفاندنیش له ناوچه‌كانی سه‌رسار و نوخێب، بۆیه روویداوه چونكه ئه‌و كه‌سانه چوونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراقیان لێ دووره".
به‌ڵام رووداوه‌كانی دوو هه‌فته‌ی ڕابردووی رفاندنی ده‌یان كه‌سی سڤیل له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه له ناوچه‌كانی سه‌رسار له پارێزگای ئه‌نبار و حه‌مرین له پارێزگای كه‌ركووك و جه‌زیره له پارێزگای نه‌ینه‌وا، كه چه‌كدارانی داعش له ماوه‌ی ساڵانی 2014 بۆ 2017 داگیری كردبوون، ترس و دڵه‌ڕاوكێیان بۆ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی عێراق دروست كردووه. ئه‌وان له‌وه ده‌ترسن جارێكی دیكه ناوچه‌كانیان رووبه‌ڕووی شه‌ڕ و ناسه‌قامگیریی ببێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێران ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه گرووپی دیكه‌ش بخزێنه هێڵی یاریكردن به ئاسایشی ناوچه‌كه و كاردانه‌وه‌ی تائیفی توندیش به هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه له ناوچه‌كانی دیكه‌دا سه‌رهه‌ڵبدات".
توێژه‌رێكی عێراقی به‌ناوی موئه‌یه‌د جحێشی ده‌ڵێت: "ستراتیژییه‌تی هه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستی، یان به‌رگریكار، یاخود نه‌یار ئه‌وه‌یه، پاش گه‌مارۆدانیان، ده‌ست به شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌و شه‌ڕه‌یه، كه هیچ سوپایه‌كی جیهان ناتوانێ به ته‌واوه‌تی رێگه‌ی لێ بگرێت. داعش ئیستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیناریۆكانی ساڵانی رابردووی ئه‌لقاعیده له عێراق و خه‌ڵكی سڤیل ده‌كه‌نه ئامانج و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی بتۆقێنن، پاشان خۆیان بۆ رێكخستنه‌وه و گورز وه‌شاندن له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئاماده بكه‌نه‌وه، چونكه هێشتا سه‌ركرده و ئه‌میره‌كانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه خه‌ون به دروست كردنه‌وه‌ی "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت"ـه‌وه ده‌بینن".