پارتى و يه‌كێتى رێككه‌وتنى نێوانيان واژۆ كرد

پارتى و يه‌كێتى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت رێككه‌وتن

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوانياندا، هه‌ريه‌ك له‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان رێككه‌وتن، هه‌ريه‌ك له‌ نێچيرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆ كرد.

هۆشيار زێبارى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسیى پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند، هه‌ردوولا گه‌يشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

له‌ رێى تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تیى تويته‌ره‌وه‌، هۆشيار زێبارى بڵاويشي كردۆته‌وه‌، هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێم رێككه‌وتوون.

كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سياسیى پارتى و يه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ دوێنێ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تیى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى كۆبووه‌وه‌ و هه‌ردوولا گه‌يشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكييه‌كانى نێوانيان.

شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتوون لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی و ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، رۆژ نوری شاوێس، مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینكی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، له‌گه‌ڵ دڵشاد شەھاب، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی.

شاندی یەكێتیش پێكھاتوون لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، حاكم قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، سەعدی ئەحمەد پیرە، لەتیف شێخ عومەر، عەندنان حەمە مینە، رزگار عەلی و لاهوور جه‌نگی.