داواى ئاشكراكردنى چارهنووسی پێشمهرگه دیلهكان له حكوومهتی عێراق دهكرێت
ههوڵێك له پهرلهمانی عێراق بۆ پشكنینی گرتووخانهكانی بهغدا له ئارادایه
K24- ههولێر:
کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش داوا دەکەن، حکوومەتی عێراق چارەنووسی رۆڵەکانیان ئاشکرا بکات. پەرلەمانتارێکی پارتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەیەوێت لە ناو پەرلەمان و فراکسیۆنە عێراقییەکاندا، بە رێگای لۆبی، سەرجەم گرتوخانەکانی بەغدا بپشکنێت، بۆ بەدەستھێنانەوەی ئەو پێشمەرگە دیلانە.
مام تاریق، باوکی یەکێک لە پێشمەرگە دیلەکانە، ئەو تا ئێستاش بێ ئومێد نییە لەوەی کوڕەکەی لە ژیاندا ماوە، دەورووبەرەکەی بەردەوام سۆراخی کوڕە پێشمەرگەکەی دهپرسن، ئەو د جهخت دهكاتهوه، كه شەو نییە سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیە نەکات، کە تیایدا داعش لە حەویجە پێشمەرگە دیلەکان نمایش دەکات، کوڕەکەی ئەویش کارەکتەرێکی نێو گرتەکەیە، باوکی ئەو پێشمەرگە دیلە بە ناوی کەسوکاری سەرجەم پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش، دەخوازێت حکوومەتی عێراق خەمێک لەو پێشمەرگە دیلانە بخوات و چارەنووسیان ئاشکرا بکات.
ناسر ھەرکی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، دەیەوێت لە رێگای لیژنەكهی، کە ئاسایش و بەرگرییە، سۆراخی ئەو پێشمەرگە دیلانە لە گرتوخانەکانی بەغدا بکات، کە بە گوێرهی زانیارییەکان, ژمارەیەک لەو پێشمەرگە دیلانە لە شاری مووسڵ و حەویجە، کەوتوونەتە دەست حەشدی شەعبی و ئێستا لە بەغدا بێ ئەوەی شوێنی زیندانەکە بزانرێت، زیندانیی کراون.
ماوهی زیاتر له 4 ساڵه ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە، بە دیلی کەوتوونەته دەستی داعش، ئێستاش کە خەریکە داعش کۆتایی پێدێت، کەسوکاری ئەو پێشمەرگە دیلانە، چاویان لە حکوومەتی عێراقە، کە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، خەمێک لە پێشمەرگە دیلەکانیان بخۆن و بە مان و نەمان، چارەنووسی رۆڵەکانیان دیاری بکەن.
H.B