هه‌ولێر.. بكوژی پێشمەرگەیه‌ك دەستگیر كرا

پۆلیس زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، پێشمەرگەیەك لە گەڕەكی ھاوكاری له‌ شاری ھەولێر كوژرا، پاش بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری، ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر بكوژەكەیان دەستگیر كرد".

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد: "دوای لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری، ھێزەكانی پۆلیس لە بنكەی پۆلیسی بنەسڵاوە، توانیان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیاندا، ئەو كەسە ئاشكرا بكەن، كە تاوانەكەی ئەنجام داوە".

گوتیشی: "بكوژەكە پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ ھاوسەری كوژراوه‌كه‌ ھەبووە و ھەردووكیان پلانی كوشتنی ئەو كەسەیان داڕشتووە".

ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو كەسەی كوژراوە، رێپێدراو بوو لە ھێزی پشتیوانیی 2ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و بە چەكی دەمانچە كوژراوە".

ھ.م

Fly Erbil Advertisment