به‌ رێگه‌يه‌كى نوێى پزيشكى تووشبوويه‌كى ئايدز له‌ مه‌رگ رزگاركرا

ژمارەیەک توێژەر دەستکەوتێکی تەندروستی بێوێنە رادەگەیێنن

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەیەک توێژەر دەستکەوتێکی تەندروستی بێوێنە رادەگەیێنن، کە چارەسەرکردنی دووەم نەخۆشی تووشبووه‌ به‌ نەخۆشی نەمانی بەرگری لەش (ئایدز).

 ئەو توێژەرانە باس لەوە دەکەن کە چارەسەری نەخۆشەکان لە رێگەی چاندنەوەی مۆخی ئێسک یان خانەی درووستکردنی خوێن بووە. ئێستاش هەژدە مانگ بەسەر نەخۆشەکە تێپەڕبووە و ئاییدزی نەماوە.

پرۆفيسۆر راڤیندرا گوپتا، توێژەری سەرپەرشتیار، له‌ زانکۆ کۆليژی لەندەن، گوتى: "ئێمە دوای چاندنەوەی مۆخی ئێسک 16 مانگ چاوەڕوانمان کرد، دوای پشکنین و شیکردنەوەی زانیارییەكان، دەرکەوت کە زۆر زۆر کەم ڤایرۆس ماوە، ئەگەر هیچیشی مابێت. لەو کاتە چارەسەرییەکانمان راگرت... ئێستاش 18 مانگ تێپەڕ بووە و نەخۆشیەکەش نەگەڕاوەتەوە".

تاکە شت کە ئەو نەخۆشانە جیا دەکاتەوە لە نەخۆشەکانی تری توشبوو بە ئایدز ئەوەیە کە ئەو دوو نەخۆشە هەردووکیان توشبووی جۆرێکی شێرپەنجەش بوون. ئاستەنگێکی تری ئەو چارەسەرەش ئەوەیە، کە دۆزینەوەی بەخشەرێکی هاوتا کە هەمان جینی گۆڕابێت، کە جینی ناسراوە بە سی سی ئاڕ فایڤه‌.

پرۆفێسۆر راڤیندرا گوپتا، هه‌روه‌ها گوتى: "چاندنەوەی مۆخی ئیسک زۆر ئاڵۆزە، دواتر سەرکەوتنی و چاندنەوە و دروستکرنەوەی خوێن لە لایەن خانەکان ئاسان نیە. دەبێت رێژەی خانەی تەواو بگوازرێنەوە. دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت لەوانەیە نەخۆشەکە توشی هەوکردن یان دووچاری مردنیش ببێتەوە".

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، چاکبوونەوەی دووەم نەخۆشی تووشبوو بە ئایدز هەنگاوێکی مێژووییە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەيه‌نێت کە زانایان لە توێژینەوە و گەڕان بەدوای چارەسەری ئاسانتر بوەستن، وەک روونە، هەموو توشبووێکی ئایدز ناتوانرێت مۆخی ئێسکی بۆ بچێندرێتەوە و هەموو بەخشەر و نەخۆشێکیش لە رووی گۆڕانی یەک تاکە جینی گۆڕاو هاوتاییەکی دەگمەنە.