دیندار زێباری: وه‌ك قوربانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی داعشدا دەکرێت

"90 كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵی گیراوانی داعش لە ھەرێمی كوردستان ھەن"

K24 - ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو گیراوانەی داعش، كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە، وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نەك وەک تاوانبار.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد "ئێستا لە هەرێمی کوردستان 90 كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵی گیراوانی داعش هەن، لەوانە 14یان كوڕی راگیراون و 50ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە، هاوکات لەگەڵ 26 ئافرەت، کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە، دەستگیر کراون".

دیندار زێباری دووپاتیشی کردۆتەوە "ئەو گیراوانەی داعش كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە، وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نەك تاوانبار".

پێشتر هیومان رایست وۆچ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لە زیندانەکانی عێراق بە شێوەیەکی هەڕەمەکی مێرمنداڵانی گومانلێکراوی داعش ئەشکەنجە دەدرێن.

ھ.م