قەتەر لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی مۆندیال 880 ملیۆن دۆلار 'بەرتیل'ی داوەتە فیفا
رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی 'گەندەڵییەک'ی گەورەی مۆندیالی 2022 ئاشکرا دەکات
رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا ئەمڕۆ جیهانی تۆپی پێی هەژاند کاتێک چەند بەڵگەنامەیەکی ئاشکراکردووە تیایدا دەردەکەوێت قەتەر لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 زیاتر لە 880 ملیۆن دۆلاری وەکو بەرتیل داوەتە فیفا و ئەو بڕە پارەشی بە دوو جار داوەتە ئەندامان و نوێنەرانی فیفا.
بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە و دەنگۆیەکان لەبارەی چۆنییەتی وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 لەلایەن قەتەر بەردەوامە.
رۆژنامەی سەندەی تامزی بەریتانی رۆژی یەکشەممە بڵاوکردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەک لەبارەی وەرگرتنی پارە لەلایەن فیفاوە بۆ پێدابی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 هەلایەکی گەورەی نایەوە.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، چەند بەڵگەنامەیەکیان دەستکەوتووە، تیایدا دەردەکەوێت قەتەر 880 ملیۆن دۆلاری داوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لەپێناوی ئەوەی قەتەر مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 بەدەست بهێنێت.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، ساڵی 2010 بیست و یەک رۆژ پێش ئەوەی بەفەرمی ناسنامەی میوانداریکاری مۆندیالی 2022 لەلایەن سێپ بلاتەری سەرۆکی ئەوکاتی فیفا ئاشکرا بکرێت، قەتەر بە فەرمانی شێخ حەمەدی کوڕی خەلیفەی دووەمی میری قەتەر 400 ملیۆن دۆلار خراوەتە سەر حیسابی دوو نوێنەری فیفا، دواتریش لە ماوەی سێ ساڵ 480 ملیۆن دۆلار خراوەتە سەر حیسابی نوێنەرەکانی فیفا.
رۆژنامەی سەندەی تایمز لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان سەرانی فیفا و قەتەر کراوە، دوای وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 کەناڵی جەزیرە کە هەر لەلایەن میری قەتەر خاوەندارییەتی دەکرا، بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی خستووەت سەر حیسابی یەکێک لە ئەندامانی فیفا، ئەم بڕە پارەیەش وەکو بەرتیلێک بووە، چونکە جگە لەم بڕە پارەیە کەناڵە قەتەرییەکە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ وەرگرتنی مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیال داوەتە فیفا، کە یەکێک بوو لە گرانبەهاترین گرێبەستەکان.
هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و ئەمریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئوستڕالیا داوای وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022یان کردبوو، بەڵام لە قۆناخی کۆتاییدا قەتەر بە 14 دەنگ بەرامبەر8 دەنگ لە ئەمریکای بردەوە و مافی میواندرایکردنی مۆندیالەکەی بەدەستهێنا.