سەرۆکی ئێران سێ رۆژ لە عێراق دەبێت
"سوپاسی عێراق دەکەین نەبووە بەشێک لە سزاکانی سەر ئێران"
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ سەرۆكی ئێران بە سەردانێكی 3 رۆژە دەگاتە عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، سوپاسی عێراق دەكەین كە نەبووەتە بەشێك لە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە 11/03/2019، حەسەن روحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەردانێكی سێ رۆژە دەگاتە عێراق و لەگەڵ ھەر سێ سەرۆكایەتییەكە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق كۆدەبێتەوە.
پێشتریش، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراقی كرد، وەك ئامادەكارییەك و رێكخستنی سەردانەكەی ئەمڕۆی روحانی.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی Euronews، سەردانی روحانی لە کاتێکدایە، ئەمەریکا دەیەوێت عێراق لە کڕینی نەوت و وزەی ئێران رابگرێت و تارانیش هەوڵی پێچەوانەکەی دەدات.
H.J