به‌غدا بڕيارێكى ئه‌مه‌ريكا ره‌تده‌كاته‌وه‌

بزووتنەوەی نوجەبای سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبى خستۆتە لیستی تیرۆرەوە

K24 – هه‌ولێر:

حكوومەتی عێراق رايگه‌ياند، بەو بڕیارەی ئەمه‌ریکا پابەند نابێت، کە بزووتنەوەی نوجەبای سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبى خستۆتە لیستی تیرۆرەوە.

دوای ئەوەی میلیشیای بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا خرایە لیستی تیرۆرەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەند نییە بەو بڕیارەی ئەمه‌ریکا.

عادل عه‌بدولمه‌هدى گوتيشى: "حكوومەتی عێراق رێز لە سەرجەم گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی دەگرێت، کە لە شەڕەکانی دژبە داعش قوربانیان داوە".

ھەفتەیەک لەمەوبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، میلیشیای "بزووتنەوەی نوجەبا" و فەرماندەکەی، ئەکرەم کەعبی، خستە ناو لیستی تیرۆرەوە.

دواى سه‌رهه‌ڵدان و هێرشه‌كانى داعش بۆ به‌غدا، له‌سه‌ر فه‌تواى عه‌لى سيستانى، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عى زۆرينه‌ى شيعه‌كانى عێراق، حه‌شدى شه‌عبى دامه‌زرا و دواتر له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ رێگه‌ى ياسايه‌كى تايبه‌ته‌وه‌، ئه‌و ميليشيايه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سيستمى به‌رگریى عێراق هه‌ژمار كرا و بودجه‌ى پێويستى بۆ ته‌رخان كرا.