بۆچی دوای شەش ساڵ رۆحانی سەردانی عێراقی کرد؟

ئێران چۆن دەتوانێت عێراق وەکو پردێکی فریادڕەس بەکاربهێنێت

K24 – هه‌ولێر:

لە ساڵی 2013ەوە، حەسەن رۆحانی بووەتە سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام تەنها یەکجار سەردانی بەغدای کردووە، ئەویش هەفتەی رابردوو بوو، لەگەڵ ئەوەش، میدیاکانی ئێران بایەخی زۆریان بەو سەردانەی رۆحانی بۆ عێراق دا.

یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی رۆحانی، سزاکانی سەر ئەو وڵاتەیە، کە تەنگی بە ئابووری ئێران هەڵچنیووە و تا دێت لاوازی دەکات، کۆماری ئیسلامی دەیەوێت، تا دەتوانێت هاوبەشی بازرگانی دروست بکات و خۆی لە سزاکانی ئەمەریکا بە دوور بگرێت.

ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە، سزاکانیش کاریگەری زۆریان لەسەر کەرتەکانی وزە، دروستکردنی ئۆتۆمبێل و بانک دروستکردووە، بەجۆرێک، داهاتی نەوتی ئێران بە رێژەی 50% لە ماوە یەک ساڵی رابردوو کەمی کردووە.

هەرچی سیستمی بانکی ئەو وڵاتەیە، شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت سەقامگیریی بە دراوەکەی ببەخشێت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نرخی تومەنی ئێرانی 30%ی دابەزیووە و تا کۆتایی هەفتەی رابردوو، یەک دۆلار بەرامبەر بە 13 هەزار تومەن بووە؛ لای خۆشیەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕوای وایە، دۆخی دارایی ئێران لە قۆناغی Recession (پاشەکشەی ئابووری)دایە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی Arab News، ئەوەی بۆ ئێران زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە، ئەمەریکا نیازی هەیە سزاکانی سەر ئێران هێشتا زیاتر بکات. لە  ساڵی 2018، بودجەی پێشنیازیکراوی ئێران 104 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە ساڵی 2019 بۆ 47 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دابەزیووە. ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی رێگری بکات لە ناردنی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی ئێران، ئەوا کورتهێنانی بودجە زۆر زیاد دەکات.

عێراق دەبێتە فریادڕەسی ئێران ئەگەر پێچەوانەی سزاکانی ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات.

ئێران دەیەوێت ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق لە 13 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ 20 ملیار دۆلار زیاد بکات. تەنها لە ساڵی رابردوودا، ئێران بە بەهای 9 ملیار دۆلار کاڵا، گاز و کارەبای هاوردەی عێراق کردووە. لە راستیدا، 20%ی ئەو کاڵایانەی عێراق لە ئێرانی هاوردە کردووە، نەوتی نین، ئەمەش وایکردووە، هاوردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی لە لایەن عێراقەوە بە رێژەی 50% زیاد بکات، ئەمەش یەکەمجارە عێراق کەلوپەلی چینی کەمتر لە کەلوپەلی ئێرانی هاوردە دەکات.

یەکێکی دیکە لە هۆکاری نزیکبوونەوەی ئێران لە عێراق، جیۆپۆلیتیکە.

بەرپرسانی ئێران دەیانەوێت بە ئەمەریکا بڵێن، تاران نەک تەنها لە سووریا و لوبنان، بەڵکو لە عێراقیش زاڵترە لە ئەمەریکا.

بەرپرسانی ئەمنی بەریتانیا دەڵێن، ئێران کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە، هەژموونیشی لە رووی سیاسی و سەربازی و دارایی و گواستنەوەی چەک و مووشەک بەسەر عێراقدا زاڵە؛ بەجۆرێک، ئەو کەسانەی دژی ئێرانن لە لایەن چەکدارە ئێرانییەکانی عێراق، دەکوژرێن.

هەروەها، ئێران دەیەوێت لە رێگای عێراقەوە زیاتر پەل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهاوێت، جا لە ناردنی مووشەک و پارەوە بیگرە، تا ناردنی سەرباز و کەلوپەلی سەربازیی.

سەردانی رۆحانی بۆ عێراق گرنگی زۆری بۆ ئێران هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد، بایەخی زۆری پێبدرێت لە لایەن میدیا و بەرپرسانی ئێرانەوە.

H.J