مزگهوتهكهی نیوزیلاند كرایهوه
پێشتر 50 موسڵمانی تێدا كوژرا و 40 كهسی دیكهش بریندار كران
K24 - ههولێر:
دوای هێرشە خوێناوییەکەی کرایست-چێرچ، بۆ یەکەمین جار موسڵمانان روویان کردەوه مزگەوتی ئەلنوور، لە ئوکلاندیش سەرۆک وەزیرانی نیوزیلاند، جۆسیندا ئاردن، هاوخەمیی خۆی بۆ موسڵمانانی وڵاتەکە دووپات کردەوە و رایگەیاند: "نیوزیلاند شوێنی پێکەوەژیانە و لە هەمان رۆژیشدا، مزگەوتێکی نوێی کردەوە".
دوای هێرشە خوێناوییەکەی مزگەوتەکهی کرایست چێرچی نیوزیلاند، کە 50 موسڵمان کوژرابوون، بۆ یەکەمین جار مزگەوتی نوور کرایەوە، لەو مزگەوتە 42 نوێژخوان کوژرابوون.
لە کردنەوەی مزگەوتەکەدا، ژمارەیەک توێژەری ئیسلامی و سەرۆکی شارەوانیی کرایست چێرچ و شازادەیەکی ئوردن و ژمارەیەک دیپلۆماتی وڵاتانی موسڵمان، بەشدار بوون.
مزگەوتەکە هێشتاش شوێنەواری گولـلهی پێوە دیارە و رایەخەکانیشی نەگۆڕاون و موسڵمانانی نیوزیلاند لە باخچەی مزگەوتەکە نوێژیان کرد.
هاوکات، سەرۆک وەزیرانی نیوزیلاند، جاسیندا ئاردن، لە ئۆکلاند بەشداریی نوێژی بەرفراوانی موسڵمانان بوو. جسیندا لە نزیکەوە لەگەڵ موسڵمانان لە مزگەوتی عومەر قسەی کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ دووپات کردنەوە.
سەرۆک وەزیرانی نیوزیلاند راشیگەیاند، کە جیهان هاوخەمیی خۆی بۆ نیوزیلاند راگەیاندووە و هاوکار بوونە لە کەمکردنەوەی خەمی ئەو کردە تیرۆرستییە.
لهلایهكی دیكهوه، ھەڕەشەی كوشتن لە سەرۆك وەزیرانی نویزیلاند دەكرێت. رۆژنامەی دەیلی مەیل رایگەیاند، پۆلیسی نیوزیلاند لێكۆڵینەوە دەربارەی چەند تویتێك دەكهن، كە بە ھەڕەشەیەكی راستەوخۆ لەسەر ژیانی جاسیندا ئاردن، سەرۆك وەزیرانی نیوزیلاند لێك دەدرێنەوە. وەك بڵاوكراوەتەوە، ناوەڕۆكی تویتێك وێنەی چەكێك بووە و لەسەری نووسراوە، تۆ ئامانجی داھاتووی، 48 كاتژمێر ماوه. دواتریش تویتەر ئەو تویتەی سڕیەوە.
لە هێرشە خوێناوییەکەی نیوزیلاند، کە کەسێكی ئوسترالی توندڕهو ئەنجامی دا و بە تیرۆر لەقەڵەم دراوە، 50 کوژراو و 40 برینداری لێکەوتەوە.
ئامادهكردن: یادگار ئیسماعیل