باران باری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان قورس دەکات

روونکردنەوە لە بارەی ئاستی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان دەدرێت

K24 – سلێمانی:

بەهۆی بارینی بە لێزمەی باران و مەترسی دروست بوونی لافاوی گەورە، بە بڕیاری قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن راگیرا، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکانیش، دڵنیایی دەدات.

‎ناسیح مەلا حەسەن قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە كوردستان24ی راگەیاند "بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیانی سنووری قەزاكەیان ئەو بڕیارەیان داوە".

‎راشیگەیاند: "لە رێگاكانی دەرەوە داڕمان رووی داوە و داوا لە شۆفێران دەكات بە تەواوی هۆشیاری بەكارهێنانی رێگاكان بن و خێراییان كەم بكەنەوە".

‎بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی بومەلەرزەكەی شەوی 12/11/2017 زیانی بەركەوت، دوای تەرخانكردنی بڕی 1 ملیار دیناری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانیكرنی چەندین تیمی بیانی، تا ئەم ساتە چینە قووڵە زیان پێگەیشتووەكان چاكنەكراونەتەوە و بەو هۆیەوە بەنداوەكە توانای گلدانەوەی ئاوی بۆ نیوەی زیاتری توانای خۆی لە دەستداوە.

دووکان

محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان رایگەیاندووە "ئێستا بەنداوەکە دوو مەتری ماوە سەر ڕێژ بکات، بەڵام هیچ کێشە و مەترسییەک لە سەر بەنداوەکە نییە".

بەنداوی دووکان حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێ و ئێستا شەش ملیار و 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەی دووکان هەیە.

هەڵەبجە

لەبەر خـراپی کەشوهەوا و بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشـــتی پـــەروەردەی هـــەڵەبجە، دەوامـــی خـــوێندن لە قوتابــــخانە بنەڕەتـیەکان، ئەوانەی قوتابی (۱- ٦) یان تێدایە راگیرا.

شارەزوور:

راگەیاندنی پەروەردەی شارەزوور "لە پێناو سەلامەتی گیانی قوتابیان و خۆێندکاران و مامۆستایان لە مەترسی دروست بوونی لافاو و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێز قائیمقامی قەزای شارەزوور بڕیارماندا، دەوامی دووەم واتە دوا نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوندەکانی خۆێندن لە سنووری بەڕێوەبەرێتیمان دەوام ڕابگیرێت و ئێستاش هەر قوتابخانە و خۆێندنگەیەک دەزانن مەترسی هەیە، دەتوانن باقی وانەکان نەخۆێنن".

‌H.J