لە ھەولێر كەسێك بە دەمانچەی كارمەندێكی پۆلیس كوژرا
لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە
K24 - ھەولێر
لە ھەولێر كەسێك بە دەمانچەی كارمەندێكی پۆلیس كوژرا و دوای رووداوەكەش كارمەندەكەی پۆلیس خۆی رادەستی ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ھەولێر ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ 27/03/2019، ھێزەكانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە بە بوونی رووداوێکی کوشتن، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوت کەوا کەسێک لە ناوچەی پیشە سازی باشوور بە ناوی (وەستا سەمیر مظفر علی)، لەدایکبووی (1979)، گیانی لەدەست داوە".
پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتوە کە کارمەندێکی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە بووە و تاوانی گیان لەدەستدانەکەش بە دەمانچەی پۆلیسەکە ئەنجامدراوە. پۆلیسەکەش خۆی رادەستی پۆلیسی هەولێر کردووە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەروو: "تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کرا. ئێستاش پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی بزانرێ ئاخۆ ئەو کەسە بە دەمانچەی پۆلیسەکە خۆی کوشتوە یان ئەوەتا پۆلیسەکە هەڵساوە بە ئەنجامدانی تاوانەکە. لە نزیکترین کاتدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە دەخرێتە بەردەستی دادوەری لێکۆڵینەوە و ئەنجامەکەش بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".
ھ.م