دکتۆرای فەخری بەخشرایە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار
زانکۆی سەڵاحەدین سێیەم دکتۆرای فەخری بەخشییە کۆچەر بیرکار
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/03/2019، لە لایەن زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆرای فەخری بەخشرایە پرۆفیسۆ کۆچەر بیرکار کە خاوەنی مەدالیای فیڵدزی تایبەت بە داهێنانە لە بواری بیرکاریدا.
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکە رایگەیاند: "بە شانازییەوە دکتۆرای فەخری دەبەخشینە پڕۆفیسۆر کۆچەر و هیوادارین ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان".
دواتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمەکە رایگەیاند: "لەبەر دوو هۆکار هەست بە خۆشحاڵی دەکەم، یەکەمیان بەهۆی بوونی پرۆفیسۆر کۆچەر لێرە و دووەم بەوەی کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش رووبکەینەوە زانست و شارستانییەت چونکە تاکە رێگەی پێشکەوتنمانە".
راشیگەیاند: "دکتۆر کۆچەر خۆی، خۆی پێگەیاند ئەمەش وانەیەکە بۆ لاوان کە دەبێت پشت بەخۆیان ببەستن و سوود لە کات وەربگرن".
کۆچەر بیرکار لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵ بووم کە دووبارە سەردانی کوردستانم کردەوە. من لە گوندێک گەورە بووم کە باری خوێندن تیایدا باش نەبووە. خوێندنگەکەمان باش نەبوو و شەڕی عێراق و ئێران و ئاوارە بوون هەبوو. سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتییان داوم بە تایبەت دایک و باوکم".
راشیگەیاند: "بیرکاری لەگەڵ حەز و سروشتی مندا هەر لە تەمەنی 10 ساڵیەوە دەگونجا و لە قۆناغەکانی دواتریش ئەم حەزەم زیاتری کرد. کتێبخانەی شاری مەریوان سوودی زۆری هەبوو چونکە کتێبی زۆر بە سوودی لێبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد: "زۆر گرنگە قوتابی فێری ئەوە بکرێت دەست بە داهێنان بکات لە بوارە جیاوازەکاندا، چونکە ئێمە پێویستمان بە زیاد لە یەک کۆچەر بیرکارە و بە یەک کۆچەر بیرکار وڵات پێش ناکەوێت".
بیرکار داوای کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بدات بە خوێندنی باڵا و چونکە بە گووتەی ئەو لە ئاستی پێویستدا نییە، ئاشکراشیکرد کە چەند پڕۆژەیەکی گرنگی دەبێت تاکو خزمەتی خوێندنی لە کوردستان پێ بکات.
پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە، کۆچەر بیرکار، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە دوای 9 ساڵ جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە ھەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "زۆر جێگەی شانازییە كە زانكۆیەكی كوردستان بەوە ھەڵساوە كە دكتۆرای فەخری بە من دەبەخشێت".
گوتیشی: "ھیوادارم خەڵاتەكەی من ببێتە نموونەیەك كە گەنجانی دیكەی كورد بچن لە وڵاتان بخوێنن و بۆ ئەوەی سوودیان بۆ كوردستان ھەبێت".
مێدالیای فیدڵدز، ساڵانە دەدرێتە یەک تا چوار کەسی خوار تەمەن 40 ساڵی کە شارەزای بواری بیرکارین و داهێنانی تێداکەن. کۆچەر بیرکار کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری مەریوانە، لە ساڵی 2000 چووەتە بەریتانیا و ئێستا لە زانکۆی کامبریج مامۆستایە، لە 1ی مانگی ئابی ساڵی رابردووش مێدالیای فیڵدزی پێبەخشراوە.
پێش کۆچەر بیرکار، زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆرای فەخری بەخشیووەتە ئیسماعیل بێشکچی و موسەتەفا زەڵمی.
H.J