نێچیرڤان بارزانی داوايهك ئاراسته‌ی زانكۆ حكومی و ئه‌هلییه‌كان ده‌كات
تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک فێربوونی زانستی سەردەمییانەیه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له ڕێوڕه‌سمێكدا خه‌ڵاتی دكتۆرای شانازیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌خشرایه پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر بیركار.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، کە تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک فێربوونی زانستی سەردەمییانەیه.
دووپاتیشیكرده‌وه، کوردستان پێشمەرگە و كه‌سى چاونەترسی زۆرە و ئێستا پێویستی بە كه‌سانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە، کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.
نێچیرڤان بارزانی داواشی له زانكۆ حكومی و ئه‌هلییه‌كان كرد، كه "پێویستە له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵی جددیتر بده‌ن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئـێمە لێرەدایە. بەدیهاتنى خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئـێوەیه لە پێناوی فێربوون و زانست‌دا".
ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:
ئـامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێت،
بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیزمان "د. کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەسخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سه‌رۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "د. کۆچەر" ببەخشن. سوپاسیان ده‌كه‌م بۆ ڕێکخستنی ئـەم ڕێوڕەسمه و خۆشحاڵم كه لێرە لەگەڵ ئێوه‌ى به‌ڕێزدا به‌شدارم.
له ڕاستیدا لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی پرۆفیسۆر د. کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە جه‌نابیان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش ڕایبگەینین کەوا پێویستە ڕوو بکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بە ھۆی گرژییه‌كان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.
ئـێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئـەو ڕاستییه‌مان له‌بیر بچێته‌وه کە تاکە ڕێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بریتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە. دەبێ لە بیرمان نەچێتەوە کەوا بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئـێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لە دەسکەوتی زانستیانەدایە.
گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستیانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان و كورد ببەنە پێشەوە و لە ناوەخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئـەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسی‌دا. کوردستان پێشمەرگە و كه‌سى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كه‌سانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشکی مرۆڤ بدەن.
ئـێمە دەزانین د. کۆچەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تا گەیشتە ئـەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئـەمە هـه‌ر بۆ خۆی وانه‌یه‌كى تره بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەک ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (30) زانکۆ ھەیە کە (700) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (هه‌شت هه‌زار) دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکوومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئـابووری، ھەردەم ئـەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.
بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییەک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە و كێشه نییه، بەڵام دەڵێین پێویستە قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بە فیڕۆ نەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شه‌و و ڕۆژ بخه‌نه سه‌ر یه‌ك. دەبێ لەمەولا زانایەکی وەک "د. کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە هه‌نگاوێكى مه‌زنى هه‌ڵنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاشین كه هه‌نگاوی تریش به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات.
دەبێ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە ئه‌مڕۆ بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مه‌زنى وەک حه‌زره‌تى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێدەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سه‌ركرده مه‌زنه‌كانى وەک شێخ مەحموود و قازی محەمەد و بارزانی کە لەپێناو داھاتووی ئێمەدا ھەموو قوربانییەکیان به‌خشى.
ئـێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریشدا بوو ھەر ئـەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئـێمەدا گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.
بەڵام ئـەوەش بزانین لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگه. ئامانجى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى قوتابیان و خوێندكاران ده‌بێ به‌ده‌ستهێنانى زانست و زانین بێت. ده‌بێ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خۆپڕچه‌ككردن بێت به زانست، نه‌ك ته‌نیا ده‌رچوون له زانكۆ و وه‌رگرتنى بڕوانامه.
لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵی جددیتر بده‌ن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئـێمە لێرەدایە. بەدیهاتنى خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئـێوەیه لە پێناوی فێربوون و زانست‌دا.
لە ڕابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلهكهماندا ھەڵکەوتوون. ئـەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.
ئـەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئـێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازیی گه‌لی كوردستانه، بەڵام ئـەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەرئـەوە بەرھەمی زانا و بلیمه‌ته‌كانى ئـێمە بێكه‌س دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.
ئـێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئـێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوە دەبەن.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
لەبەر ئـەم چه‌ند سه‌رنجانه بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان له‌گه‌ڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "د. کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەو ئـێمە ئه‌مڕۆ هه‌موومان لێرە کۆبووینەتەوە. پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەک پرۆفیسۆر "د. کۆچەر بیرکار"ی پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێهاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.
پیرۆزباییی گەرمم بۆ د. کۆچەر خۆی ھەیە بۆ ھەموو دەسکەوتە زانستییەکانی ڕابردووی، ھەروەھا ئـەو خەڵاتە بەرزانەی کە بەدەستی ھێناون. به‌ڕێزیان به‌و ده‌ستكه‌وته زانستیانه‌ى به‌ده‌ستى هێناون، خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى به گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى و جیهان كردووه.
هه‌ر لێره‌شدا ده‌مه‌وێ وته‌یه‌كى سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌مه‌ریكا جۆن كه‌نه‌دى به‌بیر بهێنمه‌وه كه ده‌ڵێ: مه‌پرسه وڵاته‌كه‌ت ده‌توانێ چیت بۆ بكات، بپرسه خۆت ده‌توانى بۆ وڵاته‌كه‌ت چى بكه‌یت؟.
هیوادارم نموونه‌ی د. كۆچه‌ر زۆر بێت. پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە بنەماڵه‌ى به‌ڕێزیان دەکەم کە ئـەم شانازییە گەورەیەی بە دیاری داوە بە نیشتمان. پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئـەم ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایان.
سوپاسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و جه‌نابى وه‌زیر به‌ڕێز د. پشتیوان سادق ده‌كه‌م كه هه‌وڵه‌كانیان ده‌ست پێكردووه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت له ساڵى 2022ـه‌وه له هه‌ڵسه‌نگاندنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ خوێندنى ماتماتیك و زانسته‌كان به‌شدار بێت كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا ئاستى سیستمى په‌روه‌رده‌یى ده‌رده‌كه‌وێت.
سڵاو و ڕێزم بۆ ھەموو لایەک دووبارە دەکەمەوە. بەتایبەت سەرۆکایەتیی زانکۆکان و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران. ھەردەم لە بیرتان بێت کە ئـێمە چاوەڕوانیمان لە ئێوە زۆرە.
وەک پێشتر گوتم، ھیوادارم ئـەم بۆنەیە و ساڵی تازە، دەسپێک بێت بۆ سەردەمێکی تازەی ژیانی گەلی کوردستان کە سەردەمی پێشبڕكێى زانستە. لە بیرمان نەچێت کە داھاتووی ئـێمە لە وەرگرتنی زانستدایە.
دیسان سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه، به‌ڵام ده‌مه‌وێ قسه‌كانم به‌وه كۆتایى پێبێنم كه به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ كاك قوباد باسی ڕێوڕه‌سمى ئه‌مڕۆمان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كه كارێكی زۆر باشیان كردووه، هه‌ردووكمان پێشنیاری ئه‌وه‌مان هه‌یه بیر له‌وه بكرێته‌وه له یه‌كێك له زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی یان دهۆك یان له هه‌ر شوێنێك، هۆڵێكی تایبه‌ت به ناوی پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر بیركاره‌وه بكرێت و ئه‌مه زۆر باش ده‌بێت.
هیوادارم نمونه‌ی زۆر بێت و ته‌مه‌ندرێژ و سه‌ركه‌وتوو بێت.
زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان.