گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ئاماری گه‌شتیارانی له‌ نه‌ورۆز راگه‌یاند

لە 4% ژمارەی گەشتیاران لە نەورۆز زیادی کردوە

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێره‌ی دوا ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، کە پشت بە زانیاری و ئاماری بازگە و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان ده‌به‌ستێت، 243 هەزار گەشتیار لە ماوەی 10 رۆژ، واتە لە 12ی ئادار تا 22ی ئادارو هاتوونه‌تە هەرێمی کوردستان.

نادر رۆستی، وته‌بێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بە رێژەی 73% لە خوارو ناوەڕاستی عێراق، 16% لە ئێران، 6% لە تورکیا و 5% لە وڵاتانی دیکە، گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

گوتیشی: "بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە 4% رێژه‌ی گه‌شتیاران زیادی کردووە، واتە ساڵی رابردوو 234 هەزار گەشتیار بووە".

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا، هاوكات له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی شه‌پۆلی سه‌رما و باران بارین، جارێكی دیكه‌ و به‌ مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كات و سه‌یران، گه‌شتیاران روو له‌ سه‌یرانگه‌ و ناوچه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌.