یه‌كێتی: كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی به‌رده‌وام ده‌بێت
له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ ئه‌گه‌ر گه‌یشتباین به رێككه‌وتن، رامان ده‌گه‌یاند
K24 – سلێمانی:
گوته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بن.
له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 و وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێكنه‌كه‌وتنی هه‌ردوولا، له‌تیف شێخ عومه‌ر رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ گهیشتباینه رێككه‌وتن، رامان ده‌گه‌یاند".
گوتیشی: "قسه‌ی هه‌ردوولا ئه‌وه‌یه، كه كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بن و كات و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو دیاری نه‌كراوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "پارتیی دیموكراتی كوردستان ئازاده له‌وه‌ی كار له‌سه‌ر پرسی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان قسه‌ی خۆی ده‌بێت".
ئه‌م قسانه‌ی له‌تیف شێخ عومه‌ر، دوای ئه‌وه دێن، دوێنێ كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری پارتی و یه‌كێتی، بێ ئاكام كۆتایی هات.
هاوكات، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی كۆده‌بێته‌وه بۆ تاوتوێكردنی پرسی هه‌مواركردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، په‌رله‌مانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌ك كۆ ببێته‌وه.