خانمە دیزاینەرێکی کورد پۆشاکی "پێکەوە ژیان" دروست دەکات
کارەکانی دەنێردرێن بۆ ڤاتیکان
K24 – ههولێر:
خانمە دیزاینەرێکی کورد، لە نەخشی جلوبەرگێکیدا، خاچ و مانگ و دوو ئەستێرە و هێماکانی زەردەشتییەکانی کێشاوە، ئامانجیشی ئاشتکردنەوەی ئاینە جیاوازەکانە لەگەڵ یەکتر.
بەهۆی فرە رەنگی جلوبەرگەکانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە، کارەکانی شاناز جەمال بنێرێتە وڵاتی ڤاتیکان و نمایشبکرێن.
شاناز خەڵکی باشووری کوردستانە و وەک دیزاینەرێکی جلوبەرگ، لە رێگای چنینی هێما و نەخشی جیاوازی سەر پۆشاکەکان، هەوڵی ئاشتکردنەوەی پێکهاتەکان دەدات.
لە یەکێک لە کارەکانیدا، سەر شانێکی بە سێ هەزار مورو و وردەواڵەی کۆنی کوردیی دروستکردووە و تیایدا هێماکانی هەشت پێکهاتەی جیاوازی کوردستان و عێراقی نەخشاندووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ فرانس پرێس، شاناز رایگەیاندووە: "پلانم هەبوو کارەکەم وەک هێمایەکی پێکەوەژیان و ئاشتی بۆ قەشە فرانسیس بنێرم (سەروەری وڵاتی ڤاتیکان و سەرۆکی کاسۆلیکەکانی جیهان)".
شاناز دەیەوێت لە رێگای کارەکانی نیشانی بدات، ژنانی کوردستان پێکەوە ژیانیان لەگەڵ هەموو ئاینەکان دەوێت چونکە بە بڕوای ئەو: "هەموویان خۆشەویستی دەگۆڕنەوە".
لە دوای هاتنی رێکخراوی داعش بۆ عێراق لە ساڵی 2014، پێکەوەژیان و ئازادی ئاینەکان داڕما، سەدان هەزار کەس ئاوارەبوون و هەزاران کەسیش بە هۆی مەزهەبی جیاوازەوە کوژران، شاناز دەیەوێت وەک مووسڵمانێک، جارێکی دیکە پەیوەندی تەندروستی نێوان لایەنە جیاوازەکان بەهێز بکاتەوە بۆ ئەوەش دەرزی و بەکرە و کەلوپەلی جوانکاری بەکاردەهێنێت.

AFP
H.J