كوردستان24 پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی پێشنیازی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی بڵاوده‌كاته‌وه
68 په‌رله‌مانتار له فراكسیۆنه جیاجیاكانی په‌رله‌مانی كوردستان، داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
68 په‌رله‌مانتار له فراكسیۆنه جیاجیاكانی په‌رله‌مانی كوردستان، داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سەندكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن.
ئه‌و 68 په‌رله‌مانتاره پێشنیازی پڕۆژه‌یاسایه‌كیان خستووه‌ته به‌رده‌ستی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كارا بكرێته‌وه و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه و بخرێته به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت.
له مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه پێشنیازه‌كه‌دا هاتووه: یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان – عێراق ژماره (10)ی ساڵی 2018 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه.
له مادده‌ی دووه‌میشدا باس له ده‌سه‌ڵاته‌كانی كراوه و هاتووه: یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم ژماره (2)ی ساڵی 2017 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
له مادده‌ی سێیه‌مدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، په‌رله‌مانی كوردستان – عێراق سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت به‌و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه له یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان – عێراقدا هه‌یه تا په‌سندكردنی ده‌ستووری كوردستان – عێراق، كه تێیدا شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری ده‌كرێت.
له مادده‌ی چواری پڕۆژه‌كه‌دا باس له رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم كراوه. تێیدا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو، كه له په‌رله‌ماندا سه‌رۆك به ده‌نگدانی ئاشكرا هه‌ڵده‌بژێردرێت.
به گوێره‌ی پڕۆژه‌كه، له دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، ده‌بێت په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بكاته‌وه. دواتر له ماوه‌ی سێ رۆژدا كاندیده‌كان سی ڤی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. دوای دوو رۆژ له داخستنی ده‌رگای خۆپاڵاوتن، ناوی كاندیده‌كان راده‌گه‌یه‌نرێت. دوای ئه‌وه مافی تانه‌دان ده‌سته‌به‌ره، بۆ ئه‌وانه‌ی ناویان رانه‌گه‌یه‌ندراوه و ده‌توانن له دادگای ته‌میز تانه بده‌ن و بڕیاری دادگا یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت.
هه‌روه‌ها روون كراوه‌ته‌وه، كه سه‌رۆكی هه‌رێم له ده‌نگدانێكی ئاشكرا و به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت. ئه‌مه‌ش دوای سێ رۆژ له بڕیاری دادگای ته‌میز بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كان.
ئه‌گه‌ر هیچ پاڵێوراوێك زۆرینه‌ی ره‌های به ده‌ست نه‌هێنا، ده‌نگدان دووباره ده‌كرێته‌وه و ئه‌وه‌ی جاری دووه‌م زۆرینه‌ی به ده‌ست هێنا، ده‌بێته سه‌رۆكی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر یه‌ك پاڵێوراویش هه‌بوو، هه‌ر به ده‌نگدانی ئاشكرا و به ده‌نگی زۆرینه ده‌بێته سه‌رۆكی هه‌رێم.
له مادده‌ی پێنجه‌مدا باس له ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كراوه و تێیدا هاتووه، ماوه‌ی ویلایه‌تی له له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ماوه‌ی ویلایه‌تی په‌رله‌مان ده‌بێت.
له مادده‌ی هه‌شته‌می پڕۆژه‌كه‌شدا هاتووه، ئه‌م یاسایه له رۆژی ده‌رچوونییه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه.


