نه‌جمه‌دین كه‌ریم: 16ی ئوکتۆبەر زەمینەی حوکمی تاك لایەنانە و سەربازیی له‌ كه‌ركووك رەخساند

"هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك بڕیارێكی مێژوویی و گرنگی گه‌له‌كه‌مان بوو"

K24- هه‌ولێر:

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 2 ساڵ به‌ سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، كه‌ ئاراسته‌ی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، كه‌سوكاری شه‌هیدان و خه‌ڵكی كه‌ركووكی كردووه‌، نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکوك لە 28 / 3 / 2017، یەکێك بوو لە بڕیارە مێژوویی و گرنگەکان بۆ دسته‌بەرکردنی مافی نەتەوەیی گەلەکەمان".

پارێزگاری كه‌ركووك دووپاتی كرده‌وه‌ "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووك، بڕیارێکی تاك لایەنانە و دژە یاسا نەبوو، بەڵکو چەندین خوێندنەوەی ورد، یاسایی و دەستووری بۆ کرا، دواتریش لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووكه‌وه‌، وەك تاکە دامەزراوەی یاسادانان لە شارەکە، پەسەند کرا".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "ئەو بڕیارە، کە لە چوارچێوەی دەسته‌بەرکردنی خۆبەڕێوه‌بردنی هاوبەشی نەتەوەکان سەرچاوەی گرتبوو، بەداخەوە حکوومەتی عێراق و لایەنە شۆڤێنییەکان کەوتنە پیلانگێڕی لە دژی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووك، بەڵام بڕیاری دادگای ئیتحادی بۆ ڕەتکردنەوەی سکاڵای چەند لایەنێك لە دژی ئاڵای کوردستان لەو رۆژگارەدا، هێندەی دیكه‌ لە رووی یاسایی و دەستورییەوە پشت ئەستوری کردین".

سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ریش كه‌ریم جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ "رووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر و رۆژانی دواتر، زەمینەی حوکمی تاك لایەنانە و سەربازیی بۆ حکوومەتی عێراق رەخساند، کە پێچەوانەی یاسا و دەستور و بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگایە، ئاڵای کوردستان نەك لە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی شارەکە هێندرایە خوارەوە، بەڵکو هەڵکردنی بە هەموو شێوەیەك قەدەغە کرا، ئەمەش دەرخەری نیازخراپیی حکوومەتی عێراقی بەرامبەر ئایندەی شارەکە دەرخست".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، نه‌جمه‌دین كه‌ریم جه‌خت له‌ سه‌ر یاساییبوون و دەستووریبوونی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووك ده‌كاته‌وه‌ و داواش ده‌كات "حکوومەتی عێراق دەستبەرداری مەنتقی هێز ببێت و بگەڕێتەوە بۆ مەنتقی یاسا و دەستوور و خۆبەڕێوبردنی هاوبەشی نەتەوەکان لە کەرکووك".

له‌ 28ی مارسی ساڵی 2017، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌و شاره بڕیاری پارێزگار بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر داموده‌زگا حكوومییه‌كانی كه‌ركووكی، په‌سه‌ند كرد، بۆ یه‌كه‌م جار به‌ فه‌رمی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئیدارییه‌كانی ئه‌و شاره‌ هه‌ڵكرا.

H.B