چیرۆکی ئەو لاوەی 75 کیلۆگرام کێشی لەشی دابەزاند
پەیوەندییەکی خۆشەویستی تەواوی ژیانی گۆڕی
K24 – ههولێر:
براندۆن لارسۆن کوڕێکی تەنها بووە لە زانکۆ، بۆشاییەکانی ژیانی بە ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە کحولییەکان پڕدەکردەوە، تا کچێک دڵی ئەبا و ژیانی تەواو دەگۆڕێت.
لە تەمەنی 23 ساڵی، براندۆن 165 کیلۆگرام بووە، لە 26 ساڵیدا کچێک دەناسێت و دەبنە خۆشەویست، لە گەشتێکیان بۆ ویلایەتی هاوای ئەمەریکا، براندۆن بڕیار دەدات هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی بکات و هەموو شتێکیش بکات تاکو کێشی دابەزێنێت.
سەرەتا بە ئامێری راکردن دەست پێدەکات، وەک خۆی بە سایتی سەنی بەریتانی گوتووە: "هێند لەسەر ئامێری راکردنەکە دەڕۆشتم تا دەگەشتمە ئەو ئاستەی توانای یەک هەنگاو رۆشتنم نەدەما".
دوای ماوەیەک، ئەو کوڕە ئەمەریکییە هەست بە کەمێک جیاوازی دەکات، بۆیە بڕیار دەدات بچێتە هۆڵی لەشجوانی.
بۆ ماوەی سێ ساڵ، وەرزش دەکات و بە گوێرەی رێنمایی پزیشکەکان خواردن دەخوات، تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی دەیەوێت و کێشی دەگەیەنێتە 90 کیلۆگرام.
براندۆن لەبارەی هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی کێشی دەڵێت: "بیرم کردەوە، ئەگەر بمەوێت منداڵەکانم ببینم بە گەورەیی، دەبێت وەرزش بکەم، کاتێک گەشتمە ئەو ئاستەی کە خۆم دەمەوێت، فرمێسک لەچاوم تکا و شانازییەکی زۆرم بەو دەستکەوتە سەختە کرد".
"خۆشەویستەکەم زۆر یارمەتی دام، فێری کردم کە من چیم دەوێت و دەبێت چی بکەم، دەنا دەبوو چوونە ژێر زەویم بە لاوی هەڵبژاردایە".
ئێستا ئەو دوو خۆشەویستە هاوسەرگیریان کردووە و منداڵێکیان هەیە، ئەوەشی ئەم لاوەی بە ئامانجەکەی گەیاند، تەنها وەرزشکردن نەبوو، بەڵکو خۆ تەرخانکرد بوو بەو بەڵێنەی کە بە خۆشەویستەکەی دابوو.


H.J