10 ساڵه رێگهی دووسایدی چوارقوڕنە - دووکان تهواو نهكراوه
رێگای نێوان ههولێر و سلێمانی خراپ بووه
K24 - دوكان:
بەھۆی تێکچوون و خراپی رێگهی نێوان ھەولێر - سلێمانی لەو بەشە ڕێگاکە کە دەکەوێتە نێوان گوندی بێستانە و شارهدێی خەلەکان، رۆژانە چەندین رووداوی ھاتووچۆ دروست دەبن و ژیانی شۆفێران دەکەوێتە مەترسی.
شۆفێرێکی تاکسی دەڵێت: "رۆژانە چەندین ئۆتۆمبێڵ لەو چاڵە گەورانەی لە رێگهکە دروست بوون تایەیان دەتەقێ، بۆیە ئەگەر لەبەر خراپی مامەڵەی حەشدی شەعبی نەبێ، ڕۆژانە ڕێگایەکی دوورتر دەبڕم و لە کەرکووکەوە ھاتووچۆی نێوان ھەولێر و سلێمانی دەکەم".
تێکچوونی رێگاکە بەو چاڵە گەورانەی دروست بوون، رۆژانە مەترسی گەورە بۆ شۆفێران دروست دەکات، تەقینی تایە و دەرچوونی ڕۆت و ڤۆڵتی ئۆتۆمبێلەکان لەو رێگایە، وەك شتێکی ئاسایی لێھاتووە.
بەرپرسانی باڵا، بۆ ھاتووچۆی نێوان ھەولێر سلێمانی، رۆژانە لەو رێگهیەوە ھاتووچۆ دەکەن، ئەوان ئەو راستيیە دەزانن کە ئەو چاڵانەی لە رێگهکەدان، رەنگە نزیک بێ لەژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی رۆژانە پێیدا دەڕۆن.
خراپی و چاڵەکانی رێگاکە لەو بەشەی دەکەوێتە نێوان گوندی بێستانە و ناحیەی خەلەکان زۆرترن.
رێگهی دووسایدکردنی چوارقوڕنە - دووکان نزیکەی 10 ساڵە بڕیاری دروستکردنی لێدراوە، سەرەتای ساڵی 2014 بەھۆی جێھێشتنی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار پڕۆژەکە وەستا، ئێستا کارکردن لەپڕۆژەکە دەستی پێکردووهتەوە.
ئ. م