سبەی هەولێر لە خولی نایابی عێراق یارییەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدات

بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر چوونە ژوورەوەی هاندەران بەخۆڕایی دەبێت

یانەی هەولێر لە گەڕی بیستەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای خۆی میوانداریی نەفت دەکات.
دوای نیوەڕۆی سبەی شەممە کاتژمێر 03:00 یانەی هەولێر لە یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری میوانداریی نەفت دەکات، کە بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر چوونە ژوورەوەی هاندەران لەم یارییە بەخۆڕایی دەبێت.
پێش ئەم یارییە نەفت و هەولێر خاوەنی 26 خاڵن و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بۆ یانەی هەولێر گرنگ دەبێت، چونکە هەولێر بە سەرکەوتنی لەم یارییە بەپێش یانەی نەفت دەکەوێت و دەچێتە پلەی حەوتەم، کە ئێستا بە جیاوازیی گۆڵ لەدوای نەفتە و لە پلەی هەشتەم دێت.
لە یاریی چوون هەردوو یانە لە بەغدا بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، کە لە دوایین خولەک هەولێر گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمارکرد و لەوەتەی ساڵی 2012 نەفت نەیتوانیوە لە هەولێر بباتەوە و لە دوایین چوار رووبەڕووبوونەوەیان هەولێر یان بردنەوەی بەدەستهێناوە یانیش یەکسان بووە.