هەولێر لە یاریگای خۆی تووشی دۆڕان بوو
بە دۆڕان دەستی بە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق کرد
هەولێر لە یاریگای خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە نەفتی میوانی دۆڕا و بە دۆڕان دەستی بە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق کرد.
لە گەڕی بیستەمی خولی نایابی عێراق، هەولێر لە یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری میوانداریی نەفتی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند، گۆڵەکانی نەفت لە خولەکەکانی 2 و 67 لەلایەن وەلید کەریم و فەرحان شکوری یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر تۆمارکران، بەبێ ئەوەی یاریزانانی هەولێر بتوانن لە یارییەکە هیچ گۆڵێک بکەن یارییەکەیان کۆتایی پێهێنا.
نەفت بەم بردنەوەیەی لە پلەی هەشتەم پێگەی خۆی قایمترکرد و بووە خاوەنی 29 خاڵ و سێ خاڵ خۆی لە هەولێر دوورخستەوە، هەولێریش بەهۆی دۆڕان و یەکسانبوونی رکابەرەکانی هەر لە پلەی نۆیەم مایەوە و خاوەنی 26 خاڵە.
ئەم دۆڕانەی هەولێر لەکاتێکدایە، لەوەتەی ساڵی 2012وە هەولێر هیچ یارییەکی بەرامبەر نەفت نەدۆڕاندبوو، نەفت دوای حەوت ساڵ توانی لە هەولێر بباتەوە.