ته‌رمی قوربانییه‌كی دیكه‌ی رووداوه‌كه‌ مووسڵ دۆزرایه‌وه‌

دوای 10 رۆژ له‌ رووداوه‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای نزیكه‌ی 10 رۆژی له‌ رووداوی نقوومبوونی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ی مووسڵ، ته‌رمی قوربانییه‌كی دیكه‌ی رووداوه‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، دوێنێ شه‌ممه‌، 30ی ئادار/ مارسی 2019، هاووڵاتییان له‌ ناحیه‌ی حه‌مام عه‌لیل، باشووری مووسڵ  ته‌رمی پیاوێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ قوربانییه‌كانی رووداوه‌كه‌ی دوورگه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی مووسڵ.

تا ئێستاش ناسنامه‌ی ئه‌و قوربانییه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ قوربانییه‌كانی رووداوه‌كه‌، پێشبینیش ده‌كرێت تا ئێستاش ته‌رمی قوربانییان له‌ناو رووباری دیجله‌ مابن و به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو، نه‌دۆزرابنه‌وه‌.

رۆژی 21ی ئادار/ مارسی 2019، كه‌ڵه‌كێكی په‌ڕینه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ دوورگه‌ی گه‌شتیاری مووسڵ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژئاوای شاره‌كه‌ و سه‌ر رووباری دیجله‌، نقوومبوو، كه‌ زیاتر له‌ 250 كه‌س سه‌ركه‌وتبوو.

به‌هۆی رووداوه‌كه‌، زیاتر له‌ 120 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بێسه‌روشوێن بوونه، كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵن.

ئ. م