پارتەکەی ئەردۆغان پاشەکشەی کرد

دوو شاری گەورەی لەدەستداوە

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دووچاری شکستێکی گەورە بوو و پایتەختی تورکیای لەدەستدا و بە جیاوازییەکی کەمیش لە ئیستانبوڵ لە دواوەیە، ئەو دوو شارەش بەهۆی ئەوەی پایتەختی سیاسی و گەشتیاریی تورکیان، گرنگی زۆریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) جیا لە پایتەختی تورکیا، دەنگەکانی لە ئیستانبووڵیش کەمی کردووە لە کاتێکدا لە ساڵانی نەوەتەکان، سەرۆکی تورکیا پارێزگاری ئەو شارە بووە.

لە ئیستانبووڵ لە 31 ھەزار و 186 سندوق، تاوەكو ئێستا 31 ھەزار و 87 سندوق كراونەتەوە؛ بەگوێرەی ھەواڵێكی ئاژانسی ھەواڵی دەمیرۆرەر، دەنگەكانی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە بە رێژەی 48.8% زیاترە لە دەنگەکانی  بینالی یڵدرمی کاندیدی ئاکەپە کە رێژەی دەنگەکانی 48.4%ە.

ئەردۆغان لە دوای موستەفا کەمال ئەتاتورک، فەرمانڕەوایەکی بەهێزی تورکیایە، دەنگەکانیشی لەسەری بنەمای ئابوورییەکی بەهێز و پشتگیری کردن لە خەڵکی ئاینی و نەریتپارێزی تورکیا بووە.

رەنگە دەنگدەرانی دوێنێ، دابەزینی بەهای لیرە، زیادبوونی هەڵئاوسان و زۆری بێ کاریان لە تورکیا لە بیر نەکردبێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیواکانیان لەسەر بەڵێنەکانی جەهەپە هەڵچنی بێت

هەدەپە

لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا، هەدەپە توانیوی چەند شارێک بەدەستبهێنێتەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرپرسانی تورکیا بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لێیان سەندبوونەوە، بەڵام بە بەروارد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەنگەکانی کەمی کردووە.

لە شارە کوردییەکانی دیاربەکر، ماردین، باتمان، هەکاری، سێرت، رەشەقلاس، وان و قەرس هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو شارەکانی شرناخ، ئاگری و بەدلیسی لەدەستدا.

ئاماری 99%ی دەنگەکان:

سەدا 99ـی دەنگی ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا جیاكراونەتەوە و تا ئێستا ھەدەپە 69 شارەوانیی بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، تا ئێستا 99% دەنگەكان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان جیاكراونەتەوە، بەو پێیە، ئاكپارتی 796 شارەوانیی بەدەستھێناوە، جەھەپە 246 شارەوانی  و مەھەپەش 227 شارەوانیی بەدەستھێناوە، ھەروەھا ئیی پارتی 21 شارەوانی بەدەستھێناوە.

Reuters

H.J