لە ھەولێر "دزێك" دەستگیر كرا

"پارە و زێڕی لە ماڵان دزیوە"

K24 - ھەولێر   

ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر دزێكیان دەستگیر كرد، كە پارە و زێڕی ھاووڵاتیانی دزیووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی لە بوونی چەند رووداوێکی دزیکردن لە گەڕەکەکانی 32 ی پاڕک و نازناز ئاگادار كرانه‌وه‌، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردەوە، لە ماوەیەکی کەم توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت و لە بۆسەیەکدا دەستگیر بکرێت".

موقەدەم ئومێد عارەب عەبدوڵڵا، ئەفسەری نووسینگەی باکووری پۆلیسی ھەولێر  رایگەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بە بوونی چەند رووداوێکی دزیکردن، ئێمەش دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم رووداوە کردەوە و توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیری بکەین".

گوتیشی: "تۆمەتبار بە ناوی (س.خ.ی) تەمەن 21 ساڵ، ددانی ناوە بە تاوانەی، کەوا هەڵساوە بە دزینی زێڕو پارە لە ماڵێک لە گەڕەکی 32ی پاڕک و دزینی مۆبایل و کاتژمێری گرانبەها لە گەڕەکی نازناز. هەروەها تۆمەتبار پێشتر لەسەر تاوانی دزیکردن بەند کراوە".

بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاندووە: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ تۆمەتبارەكە رێکخراوه‌ و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەر بڕیاری دا بە بەندکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددە (443) لە (ی.س.ع) بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە".

ھ.م