دوو كەس لە ھەولێر لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر کران
"لە شەقامی 100 مەتری و پاركی شاندەر ئۆتۆمبێلیان دزیووە"
K24 - ھەولێر
پۆلیسی ھەولێر رایدەگەیەنێت، دوو كەسیان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر كردووە، بەھۆی كامێرای چاودێری توانراوە ناسنامەی دزەكان ئاشكرا بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوەی پۆلیس بە بوونی دوو رووداوی دزینی ئۆتۆمبێل لە نێو شاری هەولێر پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کردەوە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکات".
لەوبارەوە موقەدەم رێباز کاوێس، ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوان رایگەیاند: "ئاگادارکراینەوە بە بوونی دزینی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 100 مەتری و پارکی شانەدەر، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەو رووداوە کردەوە و بە پشت بەستنمان بە کامێرای چاودێری توانیمان ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکەین کە هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەکە و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەین".
راشیگەیاند: "تۆمەتباران بە ناوی (ت.ڕ.ا)، تەمەن 25 ساڵ، (ش.ا.س) 22 ساڵ، دوای دەستگیر کردنیان دانیاننا بە تاوانەکەیان کەوا هەڵسابوون بە دزینی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری (BMW و مازدا) لە شەقامی 100 مەتری و بەردەم پارکی شانەدەر".
ھ.م