كتێبی "سه‌رده‌می داعش" چاپ و بڵاوكرایه‌وه
باس له رووداو و چیرۆكه‌كانی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی رێكخراوی داعش له عێراق و سووریا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، جه‌مال پیره، له توێی (391) لاپه‌ڕه‌دا، باس له رووداو و چیرۆكه‌كانی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی رێكخراوی داعش له عێراق و سووریا ده‌كات. له‌و باره‌یه‌وه كتێبێكی به ناونیشانی "سه‌رده‌می داعش" بڵاوكرده‌وه.
كتێبه‌كه، ده‌یان بابه‌ت و به‌دواداچوونی رۆژنامه‌وانی له خۆگرتووه. سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ستن به رێكخراوی داعش، شێوازی كاری ئه‌و رێكخراوه، تاوانه‌كانی دژ به خه‌ڵكی كوردستان و هاووڵاتیانی ناوچه داگیركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی.
به‌شێكی ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی له كتێبه‌كه بڵاوكراونه‌ته‌وه، له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه ئاماده كراوون. به‌شێكیشیان له سه‌رچاوه بیانییه‌كانه‌وه وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی كوردی.
نووسه‌ر، له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:
"پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانی ناو ئه‌م كتێبه به‌رهه‌می ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵی رابردووه، كه تێیدا به وردی له دوور و نزیكه‌وه به‌دواداچوون كراوه بۆ چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوی داعش و سه‌رده‌می داگیركاری و ره‌فتاره نامرۆییهكانیان، به‌شێكیان به‌رهه‌می كاری رۆژنامهوانیمه، به‌وه‌ی كه له كاتی شه‌ڕه‌كاندا له‌گه‌ڵ چه‌ندین رۆژنامه و ته‌له‌ڤزیۆن و ئاژانسی هه‌واڵی جیهانیدا سه‌ردانی به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگم كردووه، چه‌ندین چیرۆك و سه‌ربرده‌ی تاڵ و مه‌ینه‌تییه‌كانی خه‌ڵكم بیستووه، به چاوی خۆم ئێش و ئازاری ئینسانی ئه‌و ناوچانه‌م بینیوه، كه كه‌وتبوونه ژێر ده‌ستی ره‌شی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه".

جه‌مال پیره ئه‌وه‌شی نووسیوه: "سه‌رده‌می داعش قۆناغێكی دیكه‌ی خوێناوی و وێرانكه‌ره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، سه‌رده‌می یه‌كلاكردنه‌وه و پاكتاوكردنی حساباتی سیاسی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه، زه‌مانی ده‌ركه‌وتنی رووی راسته‌قینه‌ی گرووپه دینییه سیاسییه توندڕه‌وه‌كان و ئاشكرابوونی ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ی له دێرزه‌مانه‌وه به ناوی بیروباوه‌ڕی ئاینییه‌وه خه‌ریكی به‌دیهێنانی مه‌رامه سیاسی و مه‌زهه‌بی و نهتهوهییهكانیانن".
له به‌شێكی دیكه‌ی پێشهكییهكهدا نووسه‌ر نووسیویه‌تی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێموایه سه‌رده‌مێكی له‌و شێوه‌یه رووداو و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ده‌ركه‌وتنی هێزێكی چه‌كداری كه له توانایدا بێت ژیانی ملیۆنان كه‌س بخاته مه‌ترسییه‌وه، هی ئه‌وه نییه هه‌روا به بێده‌نگی تێپه‌ڕێت و نه‌نووسرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر نه‌وه‌كانی داهاتوومان له راستی به‌سه‌رهاتی تراژیدی و مێژووییه‌كان بێبه‌ش نه‌بن".

له به‌شێكی دیكه‌ی پێشه‌كییه‌كه‌یدا، جه‌مال پیره نووسیویه‌تی: پێویسته نێوه‌نده رۆشنبیری و رۆژنامه‌وانییه‌كان، زانكۆكان، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان هه‌ڵسن و توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ نووسینه‌وه و به‌دواداچوون و توێژینه‌وه‌ی ورد ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته، چونكه ساته‌وه‌ختێكی گرنگی مێژووییه و شایانی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م له یادمان نه‌چێت له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌میشه ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوی گه‌وره‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌یه".
ئ.ڕ