سعوودیه 4 كونسۆڵخانه له عێراق ده‌كاته‌وه
وه‌زیری بازرگانی سعوودیه: ده‌ست به درووستكردنی شاری وه‌رزشی له عێراق ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
ماجد قه‌سه‌بی، وه‌زیری بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی سعوودیه رایگه‌یاند، سبه‌ی وڵاته‌كه‌ی كونسوڵخانه‌یه‌ك له به‌غدا ده‌كاته‌وه و ئاشكرایكرد، له داهاتوودا 3 كونسوڵخانه‌ی دیكه له شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌كه‌نه‌وه.
قه‌سه‌بی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق گوتی: "سبه‌ی پێنجشه‌ممه كونسوڵخانه‌ی سعوودیه له به‌غدا ده‌كرێته‌وه و له داهاتووشدا 3 كونسوڵخانه‌ی دیكه له شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و شانده‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ردانی عێراقی كردووه، له 115 كه‌س پێكهاتوون".
وه‌زیری بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی سعوودیه گوتی: "زۆری ژماره‌ی ئه‌ندامانی شانده‌كه‌مان بۆ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر جددیبوونمان له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو وڵات له بواری وه‌به‌رهێناندا ده‌كاته‌وه".
قه‌سه‌بی ئاشكرایكرد، "یه‌ك ملیار دۆلاریان بۆ پڕۆژه‌كانی سعوودیه له عێراق ته‌رخان كردووه" و گوتی: "دوای 6 مانگی دیكه ده‌ست به كاركردن له‌سه‌ر ده‌روازه‌ی سنووری "جه‌دیده - عه‌رعه‌ر" له نێوان عێراق و سعوودیه ده‌كرێت".
دووپاتیشیكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق شوێنێكمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، ریاز ده‌ست به درووستكردنی شاری "مه‌لیك سه‌لمانی وه‌رزشی" له عێراق ده‌كات.
H.B