شارێکی دێرین لە هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە
مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
K24 – ههولێر:
شارێکی دێرین کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دۆزرایەوە.
شارە ونبووەکە لە سەردەمی یەکەم ئیمپراتیۆری مێزۆپۆتامیا، کە ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییەکان بووه، دروست کراوە و لە ساڵی 2012ەوە چەند شوێنەوارناسێکی فەڕەنسی کاری تێدا دەکەن.
کریستین کێپسینکی، یەکێک لە شوێنەوارناسەکانه، لە بابەتێکیدا کە لە گۆڤاری سەنتەری نیشتیمانیی فەڕەنسی بۆ توێژینەوەی زانستی CNRS بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "هەرگیز پێشبینمان نەکرد شارێکی هاوشێوە بدۆزینەوە".
شارەکە ناوی کونارە بووە، دەکەوێتە نزیک زنجیرە چیاکانی زاگرۆس. زانایان چەندین بەرد و ئامرازی کوشتوکاڵکردن و ئاودێریان تیایدا دۆزیوەتەوە، ئەو کاتیش سنووری ئیمپراتۆری ئەکەدییەکان بووە.
یەکێک لە بەردە دۆزراوەکان کە درێژییەکەی 10 سانتیمەتر دەبێت، نووسینی بزماری لەسەر هەڵکەندراوە و تیایدا باس لە بازرگانی ئارد و گۆڕینەوەی دەکات.

زانایان چەند کەلوپەلێکیان دۆزیوەتەوە و بە هۆیەوە بۆیان ئاشکرا بووە، شارەکە دەوڵەمەندبووە و بازرگانیی زۆری تێدا کراوە. هەروەها، ئێسکی چەندین ئاژەڵی وەک مەڕ، بەراز، شێر و ورچی تێدا دۆزراوەتەوە، كه لە راوی شاهانەدا کوژراون، یاخود بە دیاریی لە شارەکانی دیکەوە بۆیان هاتووە، هەروەها دانیشتووانی ئەم شارە، گرنگیی زۆریان بە دانەوێڵە بە تایبەتی چاندنی جۆ داوە.
هۆکاری دەوڵەمەندیی ئەم شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەوتبووە سەر سنووری دوو ئیمپراتۆریەت، لە رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرێکی ئێرانی و لە رۆژئاوا و باشووریش ئیمپراتۆرێکی مێزۆپۆتامیا.

H.J