ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا دەکات کورد و پێشمەرگە لە بیر نەکرێن

"داعش ئێستا مەترسی زیاترە"

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی كۆنگرێسی ئه‌مەریكا پێی وایە مەترسییەکانی داعش ئێستا لە جاران زیاترن و پێشمەرگەش بە شکستپێهێنەری داعش دەزانێت.‌

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، جێراڵد كۆنه‌ڵ، ئەندام کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر پشکی دیموکراتەکان رایگەیاند: "مه‌ترسییه‌كانی ئێستای داعش ئه‌وه‌ن، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌ژێر ده‌ستدا نه‌ماوه‌، به‌ڵام شانه‌ی نووستووی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌ترسییان زیاتر بێت".

راشیگەیاند: "هه‌میشه‌ به بیری‌ به‌رپرسانی ئه‌مەریكای ده‌هێنمه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر كورد و پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌وا هه‌رگیز جیهان نه‌یده‌توانی به‌سه‌ر داعشدا سه‌ربكه‌وێت".

ئاماژەی بەوەش دا:" زۆر گرنگه‌ هیچ لایه‌ك ئه‌و راستییه‌ی له‌بیرنه‌چێت و كورد پشتگوێ نه‌خه‌ن".

ئەگەرچی داعش هیچ ناوچەیەکی لە عێراق و سووریا لە دەست نەماوە، بەڵام لە رێگای شانە نووستووه‌کانیه‌وه‌ ناوبەناو هێرش دەکاتەوە سەر هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان، دوێنێ چوارشەممەش 03/04/2019، سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند: "ئەو هۆکارانەی داعشیان دروست کرد، ئێستاش لە عێراقدا ماون".

H.J