مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق دەکات

مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی ئه‌رمینیا جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا ده‌كه‌نه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هراچیا پۆڵادیان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد.

لەدیدارێكدا پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان کۆماری ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکاندا خرایە بەرباس.

مەسرور بارزانی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا بکات، بە گرنگ دانا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، تیشک خرایە سەر ئەو ستەمانەی بە درێژایی مێژوو لە هەردوو گەلی کوردستان و ئەرمینیا کران و ئاماژە بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان ھەردوو گەل درا.

لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی کابینەی نوێی دەربڕی و رایگەیاند، ئەرمینیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.