یاری "PUBG" ده‌برێته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
سێ لێژنه‌ی په‌رله‌مانی و ده‌سته‌یه‌ك به‌و بابه‌ته‌وه سه‌رقاڵن
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره‌یه‌ك لێژنه‌ی په‌رله‌مانی راسپارد, بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له یارییه ئه‌لیكترۆنییه زیانبه‌خشه‌كان بكه‌ن و ره‌شنووسێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و یاریانه ئاماده بكه‌ن، كه زیانیان بۆ سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه.
نووسینگه‌ی كه‌عبی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "حه‌سه‌ن كه‌عبی هه‌ریه‌ك له لێژنه‌كانی یاسایی، رۆشنبیری، ئاسایش و به‌رگری و به هاوكاری ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان راسپاردووه، به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌و زیانانه‌ی به‌هۆی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه به تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ن".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، "جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران داوای له‌و لێژنانه كردووه، پڕۆژه بڕیارێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و یاریانه ئاماده بكه‌ن، كه زیانیان بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌یه".
كه‌عبی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا دووپات ده‌كاته‌وه، "به‌شێك له یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان زیانی زۆریان به گه‌نجه‌كانمان گه‌یاندووه و كاتێكی زۆریان لێ به هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌و یاریانه له رۆشنبیری، هزر و كار دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه ئێستا بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر سه‌قامگیری زۆربه‌ی خێزانه عێراقییه‌كان، به ئاڵووده‌بوون و دابڕانی تاكه‌كان له كۆمه‌ڵگا، ئه‌و یاریانه كاریگه‌ری نه‌رێنی زۆریان درووست كردووه و بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كیشه‌گه‌لێك بۆ ژیانی هاوسه‌رگیری له ناو خێزانه‌كاندا".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراق ئاماژه به چه‌ند حاڵه‌تێكی مردن ده‌كات، كه به‌هۆی یاری "PUBG"ـیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
H.B