مەسرور بارزانی و گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا کۆبوونەوە
بەریتانیا لە پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمەر، گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە بە ئامادەبوونی جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بەڕێوە چوو، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پاڵپشتییەکانی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
مەسرور بارزانی، رۆڵی حکوومەت و راوێژکارانی سەربازیی بەریتانیایی لە راهێنان و مەشقکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند، کارکردنی جیددیشیی بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە بە پێویست زانی.
لە بەرامبەردا، گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی جیهانی لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبێت تا سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تیرۆریستانەوە، هەروەها ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق لەو ناوچانە کرد، کە جموجۆڵەکانی داعش لە پەرەسەندن دان.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سووریا گفتوگۆی لەسەر کرا، پەیوەست بەو بابەتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسییانەی رەوشەکە و گەرەنتی ماف و ئاسایشی گشت پێکهاتەکانی سووریا، بەتایبەتی پێکهاتەی گەلی کورد لەو وڵاتەدا کردەوە.

H.J