ئەمەریکا: ئێران هەڕەشە بۆ ئەوروپا و ناتۆ دروست دەکات
"ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی چهند كهسایهتییهكی لە ئەوروپا داوە"
K24 – ههولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، لەچەند رۆژی رابردوودا ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی چهند كهسایهتییهكی لە وڵاتانی ئەوروپا داوە و بووەتە هەڕەشە بۆ ئەوروپا و ناتۆ.
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە واشنتن، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: "لە دوو رۆژی رابردوو ئێران چەند ھەوڵێکی بۆ تیرۆرکردنی چەند کەسایەتییەک لە وڵاتانی ئەوروپی داوە، بەڵام شکستی هێناوە".
راشیگەیاند: "بوونی ئێران لە سووریا و میلیشیا شیعەکانی لە عێراق کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقدا نین، ھەڕهشەی لەسەر ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ بەگشتی دروستکردووە".
لەبارەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، مەبەست لە سزاکانی سەر ئێران، لاوازکردنی ئەو رژێمەیە، بۆ ئەوەی ئەو ھەڕەشانە کەمبکاتەوە و وەکو وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکات.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەمەریکا لێدوانەکانی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران تووندتر کردووە و هەڕەشە دەکات، تەنانەت هۆکاری زیانی زۆری لافاوەکەی ئێرانی بۆ کەمتەرخەمی حکوومەتی ئێران گەڕاندەوە.
H.J